هیندستان.. هونەرمەندێکی کورد بەشداری پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی مەجازی رەمەزانی بۆ خۆشنووسی دەکات
یەحیا ئەربیلی، شێوەکار و خۆشنووس، وەک خۆشنووسێکی کورد، بەشداری پێنجەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی مەجازی رەمەزانی بۆ خۆشنووسی لە وڵاتی هیندستان دەکات.
هەینی، 6ـی ئاداری 2026، یەحیا ئەربیلی، شێوەکار و خۆشنووس، دەربارەی بەشداریکردنی لەو پێشانگە نێودەوڵەتییە بە کوردستان24ی گوت، " ئامانج لە کردنەوەی ئەو پێشانگە هونەرییە، خزمەتکردنی قورئانی پیرۆز و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتییە لەنێو خەڵکدا، هەروەها پێشانگەی ئەمساڵ هونەرمەندانی 40 وڵات لەسەر یەک پلاتفۆرمی مەجازی کۆدەکاتەوە، دیمەنێکی هونەری درووستدەکات کە گشتگیربوونی خۆشنووسی و رەنگدانەوەی کولتوورە جیاوازەکانە لە جیهاندا."
یەحیا ئەربیلی گوتیشی، چەندین وڵات بەشداری لەو پێشانگەیە دەکەن وەکو، وڵاتانی تایلاند و بەریتانیا و ئەمریکا و عەرەبی و هیندی و پاکستانی و تورکی و یابانی و کازاخستان و تاجاکستان و ئێران و ئەفغانستان و بەنگلادش و کۆنگۆ و ئوزباکستان و چەندین وڵاتی تر.
یەحیا ئەربیلی باس لە گرنگی ئەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، ئەم پیێشانگەیە چەندین تابلۆی هونەری لەخۆ دەگرێت، کە ئیلهامیان وەرگرتووە لە جوانترین گوتە و وشەدا، تابلۆکان جوانی و یەکڕیزی بەرجەستە دەکات، کە ڕەهەندی فۆنێتیکی پیتەکە تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی رەهەندە فۆرماتیڤ و رۆحییەکانی لەخۆبگرێت، پیتەکە دەگۆڕێت بۆ توخمێکی بینراو کە پڕە لە مانا و تێڕامان."
شایەنی باسە، ئەو پێشانگە نێودەوڵەتییە، بڕیارە 12 ئاداری 2026 لە هیندستان بەڕێوەبچێت و ماوەی 18 ڕۆژ بخایەنێت.
یەحیا ئەربیلی، شێوەکار و خۆشنووس، لەدایکبووی شاری هەولێرە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە ژمێریاری و بەکالۆریۆس لەیاسا، لە ساڵی 2010 کاری پارێزەری کردووە و ئێستاش یاریدەدەری دادوەرییە سەر بە وەزارەتی داد.
لە ساڵی 1993 دەستی کردووە بەکاری خۆشنووسی و ساڵی 1994 یەکێک دەبێت لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵەی خۆشنووسانی کوردستان. بەتابلۆیەکی زیو بەشداری دەکات لەیەکێک لە پێشانگەکان لە واشنتنی ئەمریکا، بەشداربووە لە چەندین پێشانگە و پێشبڕکێی جیهانی لە وڵاتەکانی وەکو، ئیتاڵیا و مالیزیا و هیندستان و تورکیا و ئوردن و میسر و قەتەڕ و جەزائیر و لوبنان و شانشینی عەرەبی سعوودی و ئیماڕاتی عەرەبی.