غەززە؛ گرووپەکەی 'ڕامی حەلەس' و حەماس بە شەڕ دێن و ئیسرائیلیش ماڵەکان وێران دەکات

گەڕەکێکی وێرانکراوی شاری غەززە. سەرچاوە شەرقولئەوسەت
گەڕەکێکی وێرانکراوی شاری غەززە. سەرچاوە شەرقولئەوسەت

لە گەڕەکی 'توفاح' لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، یەکەم بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی ڕاستەوخۆ لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و گرووپێکی چەکداریی پاڵپشتکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕووی دا.

دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەم، 2026، ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت' بڵاوی کردەوە "گرووپێکی چەکدار، کە فەلەستینییەک بە ناوی 'ڕامی حەلەس' سەرکردایەتی دەکات و خۆیان بە 'هێزەکانی بەرگریی میللی' دەناسێنن و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل جێگیرن، هێرشەکانیان بۆ سەر فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە زیاد کردووە و لە ماوەی 10 ڕۆژدا دوو کەسیان کوشتووە و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار کردووە."

چەکدارانی گرووپەکەی حەلەس، دوێنێ یەکشەممە، بەرەو چوارڕێیانی سەنافۆر لە گەڕەکی توفاح لە ڕۆژئاوای هێڵی زەرد، پێشڕەوییان کردووە، لەوێ لە لایەن چەکدارانی حەماس و فراکسیۆنەکانی دیکەوە تەقەیان لێ کراوە و بۆ ماوەی 20 خولەک شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕووی داوە، پاشان گرووپەکەی حەلەس، کشاونەتەوە ئەودیوی هێڵی زەرد، کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدایە. 

ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییان

بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، لە کاتی پێکدادانەکەدا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی بە ئاسماندا خولاونەتەوە و دوای کۆتاییهاتنی تێهەڵچوونەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆمبارانی خانووەکانی گەڕەکی توفاحیان کردووە. هەر لە هەمان  کاتدا، چەندان ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژ کراو بۆ وێرانکردنی ئەو خانووانەی لەو گەڕەکەدا ماونەتەوە، تەقێنراونەتەوە.

شایەتحاڵان، دەڵێن: ئەو هاووڵاتییە فەڵەستینییەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، بە گولـلەی نیشانشکێنێک لە چوارڕێیانی ناوەندیی گەڕەکی شەجاعییە لە ڕۆژهەڵاتی غەزە کوژرا، لە لایەن چەکدارانی گرووپەکەی حەلەسەوە تەقەی لێ کرابوو، نەک هێزەکانی ئێسرائیل وەک لە پێشدا وا دەزانرا. ئەمەش دەبێتە دووەم هاووڵاتی کە لە لایەن نیشانشکێنەکانی ئەو گرووپەوە لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا کوژراوە. 

گرووپەکەی ڕامی حەلەس، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر فەڵەستینییەکان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە زیاد کردووە، ئەوەش لەژێر پارێزبەندیی هێزەکانی ئیسرائیلدا، هەروەها نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، دانیشتووانی بەشێکی گەڕەکی توفاحیان ناچار کردووە خانووەکانیان چۆڵ بکەن.

تێبینی دەکرێت کە گرووپە چەکدارەکان لە کەرتی غەزە لە ماوەی ڕابردوودا چالاکییە جۆراوجۆر و پێشکەوتووەکانیان زیاد کردووە، جا چ لە ڕێگەی کردەوەی تیرۆرکردنەوە بێت وەک ئەوەی بەرانبەر ئەحمەد زەمزەم، ئەفسەری دەزگای 'ئاسایشی ناوخۆ'ی سەر بە حکوومەتی حەماس کردیان، یان بە هێرشکردنە سەر فەڵەستینییەکان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای 'هێڵی زەرد'؛ بەڵام ئەمە یەکەم جارە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چەکدارانی بزووتنەوی حەماس ڕووبەڕوو دەبنەوە.

هەروەها تێبینی دەکرێت کە ژمارەی چەکدارانی ئەو گرووپە ڕۆژ بە  ڕۆژ زیاد دەکات، ئەمەش لە سایەی هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنی گەنجانی فەلەستینی، بەتایبەتی بێکارەکان، ئەوانەی کە بەدوای هەر دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ پەیداکردنی پارە.

حەماس نەیارەکانی لە سێدارە دەدات

لەوەتەی ئاگربەست لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2025 ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنەکانی لەسێدارەدان و بەدواداچوونی بۆ ئەندامانی ئەو گرووپە چەکدارانە و ئەوانەی بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتباریان دەکات، فراوانتر کردووە.

سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی حەماس، بە 'شەرقولئەوسەت'ـی ڕاگەیاندووە "حەماس، ژمارەیەک سیخوڕ و ئەندامی ئەو گرووپانەی لە سێدارە داوە، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس و فراکسیۆنە فەڵەستینییەکانەوە هەبووە؛ لە نێوانیاندا کەسانێک هەن، تۆمەتبار کرابوون بەوەی دەستیان لە تیرۆرکردنی محەممەد زەیف، فەرماندەی 'کەتائیبی قەسام' و سەرکردەکانی دیکەی بزووتنەوەکەوە هەبووە."

کوژرانی سێ فەلەستینی

دوێنێ، یەکشەممە، بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل سێ فەڵەستینی لە ڕووداوی جیادا لە خان یوونس لە باشووری کەرتی غەززە کوژران، لە نێوانیاندا منداڵێک بە ناوی عەلاء ئەسرەف، تەمەن 15 ساڵ و گەنجێک بە ناوی فادی سەلاح، هەروا ماسیگرێک بە ناوی عەبدولڕەحمان ئەلقەن، تەمەن 32 ساڵ، بە گولـلەی بەلەمە جەنگییەکانی سوپای ئسرائیل، لە کەناراوەکانی شارەکە کوژرا.

بەم جۆرە، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، حەوت فەڵەستینیی لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.

لەوەتەی ئاگربەست لە 10ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە فەڵەستینیانەی بە گوللەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون، گەیشتوەتە زیاتر لە 423 کەس.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل