پەیکەرتاشێکی ناوداری ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

عوسمان ڕەحمانزادە، هونەرمەندی پەیکەرتاشی خەڵکی بۆکان، دوای نزیک 40 ساڵ کاری هونەری بە نەخۆشیی کۆچی دوایی کرد تەرمەکەی بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە، لە زێدی خۆی، گوندی ناچیتی سەر بە شاری بۆکان بەخاک سپێردرا.

ئەم هونەرمەندە لە ماوەی 37 ساڵ تەمەنی هونەریی خۆیدا زیاتر لە 1600 پەیکەری لە دار دروست کردووە. دوای بەڕێوەبردنی دەیان پێشانگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە، ساڵی  2018،  لەسەر ئەرکی خۆی مۆزەخانەیەکی لە گوندەکەی خۆی، دامەزراند.

مۆزەخانەکەی وەستا عوسمان لە بیست چاوە پێک هاتووە کە زیاتر لە 1600 پەیکەری دارینیان لەخۆ گرتووە. ئەم مۆزەخانەیە کە ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن، بۆ خەڵکی کوردستان و بە تایبەت نەوەی نوێی شارنشین کە ئاشنای داب و نەریت و ژیانی گوندەکان نین، شوێنێکی سەرنجڕاکێشە و هەروەها بۆ توێژەرانی کولتووری کوردی و کوردستانناسییش بەسوودە.

مامۆستا عوسمان، کە وەک پیشەکاری بەننایی دەکرد، بەڵام وەک ئارەزوویەکی کەسی، ڕووی کردبووە کاری پەیکەرسازی لە دار و لەم ڕێگەیەوە جلوبەرگ و دابونەریت و کەلتووری کوردی و ژیانی خەڵکی گوندنشینی کوردستان و بە تایبەت ناوچەی موکریانی نمایش دەکرد.

جەعفەر عادلی، دانیشتووی گوندی داشبەندی بۆکان، بە کوردستان24ـی گوت: وەستا عوسمان، تا بڵێی پیاوێکی بەڕێز و خۆشەویستی هەمووان بوو، ئامادەبوونی ئەم هەموو خەڵکەش لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیدا نیشانەی گەورەیی و خۆشەویستیی ئەو پیاوەیە.

هیوا باهونەر، دانیشتووی ئەمیرئابادی بۆکان، دەڵێت: وەستا عوسمان، لە داری وشک کولتوور و داب و نەرێتی کوردەواریی زیندوو دەکردەوە.

موبین ئیسماعیل نیا، دانیشتووی بۆکان، گوتی: کارەکانی وەستا عوسمان بۆ ئێمە، زۆر بایەخدارە، چونکە کولتوور و ژیانی گوندنشینان بە ئێمە دەناسێنێت. 

وەستا عوسمان 37 ساڵ بە ئەوینێکی بێوێنەوە و بە بێ هێچ پشتیوانییەک پەیکەری لە دار دەتاشی و کولتوور و دابونەریتی کوردی خستە قاڵبی پەیکەرەکانییەوە. سەرئەنجام لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و هەر لە نزیک مۆزەخانەکەی خۆی بەرەو دوا مەنزڵی بەڕێ کرا. بەڵام میراتێکی بەنرخی بۆ کوردستان بەجێ هێشت کە ساڵەهای ساڵ، ناو و یادی وەستا عوسمان ڕەحمانزادە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل