گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڤەنزوێلا بەردەوامە

ئێران پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی لەگەڵ ڤەنزوێلا هەیە، سەرەرای دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ لەلایەن ئەمەریکاوە، ئێران دووپاتی دەکاتەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەر وڵاتێک هەمیشە لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بووە و بەردەوام دەبێت، ئەم بنەمایەش وەک بنەمای پەیوەندییەکانمان لە داهاتوودا دەمێنێتەوە." 

ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەرپرسانی ڤەنزوێلا بەردەوامە.

ڕۆژی شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی دەڵتای ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەیان دەستگیرکرد و گواستیانەوە بۆ ئەمەریکا، تاوەکو لە نیویۆرک بە تۆمەتی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان دادگایی بکرێن.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کۆلۆمبیا بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسەکانی باج، سیاسەتی کۆچبەری و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەردەوام لە پاشەکشەدایە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل