وردەکاریی دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا
بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی کانوونی دووەمی 2026، بڵاویکردووەتەوە و کۆپییەکی دەست کوردستان24 کەوتووە؛ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە و دوای دەستپێکردنەوەشی، حکوومەتی هەرێم زیاتر لە 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە کردووە.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ی ئاداری 2023 بەهۆی سکاڵایەکی حکوومەتی فیدراڵی لە دادگای نێودەوڵەتیی نیوژیوانیی پاریس ڕاگیرا. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەم ئەم بڕیارە بووە هۆی زیانێکی گەورەی دارایی کە بە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکرێت.
گفتوگۆ و ڕێککەوتن
دوای ساڵێک لە وەستانی هەناردەی نەوت، گفتوگۆکان لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستیان پێکرد و لە نیسانی 2024 گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن؛ بەڵام کێشەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بوونە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای وەبەرهێنانی دەرەکی دامەزراوە، بەبێ ئەوەی یەک دینار لە بودجەی گشتیی وڵات خەرج بکرێت، بەڵام لە یاسای بودجەدا هاوشێوەی پیشەسازیی نەوتی عێراق هەژمار کراوە کە بە ملیاران دۆلار لە بودجەی گشتی دامەزراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی نیازپاکی و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵ کرد، بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا هیچ بڕە پارەیەک وەربگرێت بۆ دانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان.
دەستپێکردنەوەی هەناردە
دواجار و دوای گفتوگۆی چڕوپڕ لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی نەوت، ڕێککەوتنی کۆتایی کرا و کاتژمێر 7ی بەیانیی ڕۆژی شەممە، 27ی ئەیلوولی 2025، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان بە سەرکەوتوویی دەستی پێکردەوە.
ژمارەکان چی دەڵێن؟
بەپێی ئەو داتایانەی لە ڕاپۆرتەکەدا خراونەتەڕوو، لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن تا کۆتایی ساڵی 2025، زیاتر لە 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)وە هەناردە کراوە. ئەمەش بە تێکڕای ڕۆژانە زیاتر لە 206 هەزار بەرمیل دەکات لە ماوەی 95 ڕۆژی کۆتایی ساڵی 2025دا.
ئەم هەنگاوە دوای دوو ساڵ لە ڕاگرتنی دێت و بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و نیازپاکیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا نیشان دەدات.
