دوای چوار مانگ جارێکی دیکە سووریا و ئیسرائیل کۆبوونەوە
ئەمڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان شاندی حکوومەتی سووریا و ئیسرائیل بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا شاندی سووریا داوای کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ساڵی 1974 و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ سنوورەکانی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، لە بەرانبەردا ئیسرائیل پێداگری لەسەر دروستکردنی ناوچەی داماڵراو لە چەک دەکات لە باشووری سووریا.
ئاژانسی هەواڵی سانا لە زاری سەرچاوەیەک لە حکوومەتی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل بە هەماهەنگی و نێوەندگیری ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
ئاماژەشی داوە، شاندی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە بووە و باس لە ڕێککەوتنێکی ئەمنی هاوسەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە کراوە.
ئەو ئاژانسە سوورییە باسی لەوەش کردووە، تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوەکان گفتوگۆبووە لەسەر چالاککردنەوەی ڕێککەوتنی 1974 و دابینکردنی گەرەنتی لە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سنوورەکانی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بووە.
هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەرێوەچووە.
دوای لادانی ئەسەد، ئیسرائیل هێزەکانی ناردە ناو ئەو ناوچە داماڵراو لە چەک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرا و دەیان ساڵە هێزەکانی ئیسرائیل و سووریا لە بەرزاییەکانی جۆلان لێک جیادەکاتەوە.
لەو کاتەوە، ئیسرائیل چەندین جار هاتووەتە ناو قوڵایی خاکی سووریا و بۆردوومانیشی کردووە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت ناوچەیەکی بێچەک لە باشووری وڵاتەکەدا هەبێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر سووریا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک بەمەبەستی ڕاگرتنی دوژمنایەتی نێوان ئەو دوو وڵاتە، کە لە ساڵی 1948ەوە بە شێوەیەکی تەکنیکی لە جەنگدان.
بەرپرسان ئەو دوو وڵاتە چەندین جار کۆبوونەتەوە کە دوایینیان لە مانگی ئەیلوولدا بوو، بەڵام پێداگریی ئیسرائیل لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی بێچەک لە باشووری سووریا، بووەتە بەربەستێکی سەرەکی.
مانگی ڕابردوو، ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاندبوو، ئەو داواکارییە وڵاتەکەی دەخاتە مەترسییەوە و داوای لە ئیسرائیل کرد ڕێز لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی 1974 بگرێت.
