ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی چوار گوندی لوبنان دەکات ناوچەکانیان چۆڵ بکەن
لە چوارچێوەی بەردەوامیی گرژییەکان و تۆمەتبارکردنی یەکتر بە پێشێلکردنی ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی چوار گوندی لوبنان کرد بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانیان، وەک ئامادەکارییەک بۆ بۆردوومانکردنی ئەو پێگانەی بە ژێرخانی حەماس و حزبوڵڵا وەسفی کردوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026، یەکەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی چوار گوند لە ڕۆژهەڵات و باشووری لوبنان کرد دەستبەجێ ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بەر لە دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئەو ناوچانە.
یەکەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سوپا پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا و حەماس لە هەردوو گوندی حەمارە و عەین تینە لە دۆڵی بیقاع لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان، هەروەها گوندەکانی کەفەر حەتا و عەنان لە باشووری ئەو وڵاتە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، ساڵی 2024 ئیسرائیل و لوبنان بە نێوەندگیریی ئەمەریکا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست، کە کۆتایی بە شەڕێکی زیاتر لە ساڵێکی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا هێنا؛ شەڕێک کە تێیدا گورزی توند بەر حزبوڵڵا کەوت، بەڵام لەو کاتەوە هەردوولا یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.
ئێستا لوبنان ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری ئەمەریکا و ئیسرائیل بووەتەوە بۆ چەککردنی حزبوڵڵا، سەرکردەکانی لوبنان نیگەرانن لەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکە فراوانتر بکات تاوەکوو حکوومەت ناچار بکات بە شێوەیەکی خێراتر دەست بەسەر جبەخانەی چەکەکانی حزبوڵڵادا بگرێت.
