ناتانیاهۆ: ڕێگە بە ئێران نادەین بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکەی بنیات بنێتەوە
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری توند دەداتە تاران و ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە نادەن بەرنامە مووشەکییەکەی بنیات بنێتەوە، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێک دێت لەوەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لەناوبردنی هەوڵەکانی ئێرانی کردبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادەین پیشەسازیی مووشەکە بالیستییەکانی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی نوێ بکاتەوە، کە پێشتر زیانی گەورەمان پێ گەیاندوون.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەشی کرد: ئەگەر هێرشمان بکرێتە سەر، دەرەنجامەکەی بۆ ئێران زۆر سەخت دەبێت.
ئەم لێدوانانە دوای کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ناتانیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دێت لە واشنتن. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر ئێران هەوڵی بنیاتنانەوەی ژێرخانە وێرانبووەکەی بدات، بە خێرایی لەناوی دەبەن و وەڵامەکەیان بەهێزتر دەبێت لە جاری پێشوو.
بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمەریکا نیگەرانن لەوەی ئێران هەوڵی بنیاتنانەوەی جبەخانە مووشەکییەکەی و دۆزینەوەی شوێنی نوێ بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەدات، لە شوێنی ئەوانەی لە جەنگە 12 ڕۆژییەکە وێران کران.
