لە عێراق کەرتی ماسی لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە

بەهۆی بڕیارێکی حکوومەت بۆ داخستنی حەوزی ماسییەکان و قەیرانی بێئاوی، کەرتی بەرهەمهێنانی ماسی لە عێراق ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە. سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ماسی هۆشداری دەدات، نرخی هەر کیلۆیەک ماسی لە داهاتوودا بۆ 10 هەزار دینار بەرز دەبێتەوە.

ئیاد تالیبی، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ماسی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "شەفەق نیوز" ڕایگەیاند: "وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری داخستنی سەرجەم حەوزە ماسییە مۆڵەتپێدراوەکانی لە 12ـی تشرینی دووەمی 2025ەوە دەرکردووە." تالیبی ئەم بڕیارەی بە "ناڕەوا" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا، زیانێکی گەورە بە خاوەن کێڵگەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەگەیەنێت.

بەگوتەی تالیبی، هەڵمەتی پڕکردنەوەی حەوزە گڵینەکان لەلایەن وەزارەتەوە، وای لە خاوەن کێڵگەکان کردووە لە ترسی زیانەکان، بەپەلە ماسییەکانیان بخەنە بازاڕەوە. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی دابینکردن و دابەزینی نرخی هەر کیلۆیەک بۆ 4،500 دینار، لەکاتێکدا تێچووی بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ ماسی بۆ جووتیاران 6،000 دینارە.

جگە لە کێشەی ئاو، ڤایرۆسی "هێرسیس" بووەتە مۆتەکەی حەوزەکان و بووەتە هۆی مرداریبوونی سەدا 80ـی بەرهەمی هەندێک ناوچە. تالیبی داوا دەکات حکوومەت ڤاکسینی پێویست دابین بکات و هۆشداریش دەدات لەناوچوونی ئەم کەرتە دەبێتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کرێکار، ماسیگر و خاوەن چێشتخانە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان جەخت لەسەر پێویستی گۆڕینی حەوزەکان بۆ "سیستەمی داخراو" دەکاتەوە. غەزوان سەهلانی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەکانی ئاودێری ڕایگەیاند: "سیستەمی داخراو ئاوی کەمتر بەکاردەهێنێت و بەرهەمی زیاترە، ئەمەش ڕێکارێکی جیهانییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی."

سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی ماسی داوای پێداچوونەوەی یاسایی و زانستی بە بڕیارەکاندا کرد و جەختی کردەوە؛ نابێت پڕۆژە ستراتیژییەکان بەبێ قەرەبووکردنەوە یان بڕیاری پەرلەمان دابخرێن، چونکە لە کۆتاییدا تەنیا هاووڵاتی دەبێتە قوربانی و دەبێت ماسی بە نرخێکی خەیاڵی بکڕێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل