كۆیه.. 7 حزبی سیاسی بهیاننامهیهكی هاوبهشیان بڵاوكردهوه
"هەر داواكاریەكى رەوا كە پشێوى تێكەوت، ئامانجە سەرەكیەكەى بەلاڕێدا دەبرێت و بەهۆیەوە ناگەینە ئەنجام"
K24- كۆیه:
لە سنووری قهزای کۆیە 7 حزبی سیاسی بەیاننامهیهکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، خۆپیشاندانەکان گۆڕاون بۆ توندوتیژی و خزمەت بەهیچ کەس و لایەنێك ناکەن، داواش لە دۆست، لایەنگر و ئەندامانیان دەکەن بەشداری هیچ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەك نەکەن کە خوێنی خەڵکی تێدا بڕژێ و پشێوی لێ بکەوێتەوە.
دەقی بەیاننامەکە :
بەیانى هاوبەشى لایەنە سیاسیەكانى سنورى قەزاى كۆیە
كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان
هاووڵاتییانى سنوورى قەزاى كۆیە
بارودۆخ و ژیان و گوزەرانى خەڵكى كوردستان لەئاستێكى خراپ دایە و هەموو لایەك ئەو راستیە دەزانین، بۆ بەدەست هێنانى مافە رەواكان و داخوازى و داواكاریەكان، ئێمەش پشتیوانى داخوازیە رەواكانى هاووڵاتیانین.
لەبەشێك لە شار و شارۆچكەكانى هەرێمى كوردستان بۆ جارێكى دیكه خۆپیشاندانى هێمنانە و شارستانیانە گۆردران بۆ پشێوى و ئاژەوە، بەداخەوە گەیشتووهتە رشتنى خوێنى هاووڵاتیان، زامداربوون و سووتاندنى بارەگاى لایەنە سیاسیەكان و دامەزراوە حكومیەكان.
ئێمە پێمان وایە هەر داواكاریەكى رەوا كە پشێوى تێكەوت، ئامانجە سەرەكیەكەى بەلاڕێدا دەبرێت و بەهۆیەوە ناگەینە ئەنجام. ئهگەرچى گردبونەوە و خۆپیشاندانى مەدەنى بەمافى رەواى تاك لە سیستمى دیموكراسى دەزانین، بەڵام له ئێستادا داواكارین لە ئەندام و لایەنگرانى خۆمان، بەهیچ جۆرێك بەشدارى گردبوونەوە و خۆپیشاندانى بێ موڵەت نەكەن لەسنوورەكە.
هەروەها داواكارین لە حكومەتى هەرێمى كوردستان و لایەن سیاسیە پێكهێنەرەكانى حكومەت، بەزوویى بڕیارى پێویست بدەن بۆ رێكەوتن لەگەڵ حكومەتى فیدراڵ و دابەشكردنى مووچە و باشتركردنى بژێوى ژیانى مووچەخۆران و هاووڵاتیان، چونكە لەئەگەرى بەردەوامبوونى بارودۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا، هەموو لایەك لە هێزە سیاسییەكان، حكومەت و هاووڵاتیان زەرەمەند دەبن.
هێزە ئەمنییەكان لەم سنوورە پاراستنى گیانى هاووڵاتیان، هێمنى و ئاسایشى شاریان لەئەستۆدایە، داواكارین بەگیانى بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن.
لەپێناو پارێزگارىكردن لە جوانی و پیرۆزییەكانى شارى كۆیە و تەبایی هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەكان، گیانى یەكتر قبوڵ كردن دەكەینە بنەماى پێكەوە كاركردن بۆ خزمەتكردنى زیاترى هاووڵاتیان و گەیشتن بە مافەكانیان.
كوردستان و كۆیە بەدووربێت لە ئاشوب و ئاژەوە.
مەڵبەندى 14ى رێكخستنى كۆیە - یەكێتى نیشتیمانى كوردستان
مەلبەندى16ى كۆیە - یەكگرتوى ئیسلامى كوردستان
مەكۆی كۆیە - بزووتنەوەى گۆران
كۆمیتەى رێكخستنى كۆیە - حزبی شیوعى كوردستان
ناوچەى كۆیە - پارتى دیموكراتى كوردستان
مهڵبهندى كۆیە - سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان
ئەنجوومەنى 2ى كۆیە - كۆمەڵى ئیسلامى كوردستان
کۆیه - 8/12/2020
H.B