قودس.. ژمارەیەک خۆپیشاندەری جوو بوونە قوربانی
دەزگاکانی فریاگوزاریی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، پاسێک خۆی کێشاوە بە خۆپیشاندەرانی جووە ئۆرتۆدۆکسەکان لە قودس ژمارەیەک خۆپیشاندەر بوونە قوربانی.
ڕێکخراوی فریاگوزاری پزیشکی نیشتمانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، جووە ئۆرتۆدۆکسەکان (حریدیم) لە قودس دژی دامەزراندنیان لە ڕیزەکانی سوپای وڵات خۆپیشاندانیان کرد، لەو کاتەدا پاسێک خۆی بە خۆپیشاندانەراندا کێشاوە، بەهۆیەوە گەنجێک کەوتووەتە ژێر پاسەکە و گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، شۆفێری پاسەکە دەستگیرکراوە، پۆلیسیش تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەبارەی ڕووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، حاخامە دیارەکان داوای ئەوەیان کردووە کە خۆپیشاندانەکە لە قودس بەڕێوە بچێت
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل و سایتی هەواڵی ئیسرائیلی ینێت، یەکێک لە وتاردەرانی ناڕەزایەتییەکە، وەرگرتنی سەربازی بە هۆلۆکۆستی نازییەکان بەراورد کردووە.
ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، نزیکەی 15 هەزار جوو بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکە کردووە.
دەیان ساڵە جووە ئۆرتۆدۆکسەکان لە ئیسرائیل لە خزمەتی سەربازی ناچاری بەخشراون، بەڵام ئەم لێخۆشبوونە نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر کۆتایی هات و حکوومەتی ئیسرائیلیش نەیتوانی یاسایەکی نوێ دەربکات بۆ ئەوەی ناچاریان بکات خزمەتی سەربازی بکەن.
هەروەها زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان هەست دەکەن کە نادادپەروەرییە، جووەکانی ئۆرتۆدۆکس لە خزمەتکردنی سەربازی و شەڕە مەترسیدارەکان ببەخشرێن.
