نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی سەرما و سۆڵە زیاتر لە 150 هەزار ئاوارە پێوستییان بە هاوکارییە
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات هاوکاری مرۆیی بەپەلە پێشکەش بە سووریا بکرێت بۆ یارمەتیدان و باشترکردنی دۆخی ئاوارەی کەمپەکانی باکووری ئەو وڵاتە، بەتایبەتی لەم وەرزەی سەرماو سۆڵەدا.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) بڵاویکردەوە، "ئەگەر هاوکاریی خێرای ئاوارەکانی کەمپەکانی باکووری سووریا نەکرێت، مەترسییە تەندروستییەکان بۆ سەر منداڵان و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، زیاتر دەبێت."
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشداوە، سەرما و سۆڵەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کاریگەری لەسەر 90 کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب و حەسەکە هەبووە، نزیکەی 158 هەزار کەسی پێویستییان بەهاوکاریی هەیە، ئاشکراشی کردووە، بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی زستانە پێویستیان بە 112 ملیۆن دۆلار هەیە، کەچی تەنیا 29 ملیۆن دۆلار کۆکراوەتەوە.
لە 31 کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلێکی بەفر و باران باکووری سووریای گرتەوە بەهۆیەوە دوو منداڵی ساوا لە کەمپەکانی ناوچەی حاریم لە باکووری ئیدلب گیانیان لەدەستدا.
ژمارەی ئاوارەی کەمپەکانی سووریا بە 16ملیۆن ئاوارە مەزەندە دەکرێت، کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، لەگەڵ زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە لە کەمپەکانی باکوری ڕۆژئاوای سووریا کە زۆربەی ئافرەت و منداڵن و لە ناوچە نافەرمیەکان دەژین، جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەکانی دیکە، سەرەڕای گەڕانەوەی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ ناوچەکانیان دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.