نەبوونی ڕاهێنان و ئەزموونی سەربازی ژیانی چەکدارانی تاڵیبان دەخەنە مەترسییەوە
بەشێکی زۆری هێزەکانی تاڵیبان مەشقە سەربازییە ستانداردەکانیان نەبینیوە و شارەزاییان لە بنەماکانی سەلامەتی و چۆنییەتی بەکارهێنانی چەکیان نییە؛ ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لەم کەسانە، یان ئەندامانی خێزانەکەیان، بەهۆی تەقینەوەی نەخوازراوی نارنجۆک، مین و لەدەستدەرچوونی گولـلە، بکوژرێن یان بریندار بن.
عەبدوڵڵا مورادی، وتەبێژی پۆلیسی تاڵیبان لە فاریاب، ڕایگەیاند "سەرەتای ئەم هەفتەیە، گەنجێکی دانیشتووی گوندی زیارەتگای شارۆچکەی قەیسار، لە کاتی یاریکردن بە نارنجۆکێک، نارنجۆکەکەی پێدا تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی کوژرانی."
مورادی، گوتیشی:ئەو گەنجە ناوی سەید سەفیوڵڵا بووە و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی تاڵیبان لە فاریاب، لەم بارەیەوە دەستی پێ کردووە .
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرچاوە جەماوەرییەکان لە فاریاب، دەڵێن "گەنجەکە، کوڕی موعەتەسەم بیللا، یەکێک لە فەرماندە خۆجێییەکانی تاڵیبان لەم پارێزگایە بووە و پۆلیسی تاڵیبان بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە، چونکە ڕووداوەکە لە ماڵی یەکێک لە فەرماندە خۆجێییەکانی تاڵیبان بووە، بێدەنگیی هەڵبژاردووە."
عەتا محەممەد، فەرماندەی خۆجێیی تاڵیبان لە گوندی ئیسحاقئاوای شارۆچکەی 'خاک سفید'ـی پارێزگای فەراح، دوو ڕۆژ پێش ئەم ڕووداوە، لە کاتی خاوێنکردنەوەی چەکەکەی کوژرا. سەرچاوە خۆجێییەکان لە فەراح، ڕایانگەیاندووە "ئەم فەرماندە خۆجێییەی تاڵیبان گولـلەیەک بەر سەری کەوتووە و یەکسەر گیانی لەدەست داوە."
ئەم دوو حاڵەتە، تەنها نموونەیەکن لە کوژرانی فەرماندەکانی تاڵیبان و ئەندامانی خێزانەکانیان لە ڕۆژانی ڕابردوودا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ڕووداوانە، ناشارەزایی فەرماندە و چەکدارانی تاڵیبانە لە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی و هەڵگرتنیان لە ناو ماڵەکانیاندا بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنی سەلامەتییان.
بەشێکی بەرچاو لە هێزەکانی تاڵیبان بەبێ پێشینەی سەربازی و مەشقی پیشەیی، لە کاتی شەڕ لەگەڵ حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، لەوانەش ئەمەریکا و ناتۆ، ڕەوانەی مەیدانەکانی جەنگ کران. ئەم هێزانە، دوای کۆنترۆڵکردنی بنکە و بارەگا سەربازییەکان، چەک و کەرەستە بەدەستهاتووەکانیان وەک 'دەستکەوتی جەنگی' لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرد.
حکوومەتی تاڵیبان نەیتوانیووە ئەو چەک و کەرەستە جەنگییانەی کە لە سەردەمی کۆمارییەکەدا کەوتە دەست هێزەکانی، بە تەواوی کۆ بکاتەوە و هیچ ئامارێکی تۆمارکراویشی بۆ ئەو چەک و تەقەمەنییانە نییە کە فەرماندە و ئەندامانی هێزەکانی لە ماڵەکانیاندا هەڵیان گرتوون و تا ئێستاش هیچ ڕێنماییەکی لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.
لە سەردەمی حکوومەتی کۆماریی پێش تاڵیبان، هێزەکانی سوپا لە کاتی تەواوبوونی ئەرک، یان چوونیان بۆ مۆڵەت، چەک و کەرەستە جەنگییەکانیان ڕادەست دەکردەوە و ڕێگەیان پێنەدەدرا لەگەڵ خۆیان بیبەنە ماڵەوە، بەڵام ئێستا هیچ ڕێسایەک بۆ ئەوە نییە و فەرماندەکان و هێزەکانی تاڵیبان بەبێ مۆڵەتی دیاریکراو، چەکیان لەلایە و هەر کەسێک سەر بە حکوومەتی تاڵیبان بێت، بە ئاسانی دەتوانێت چەک و تەقەمەنیی لە ماڵەوە هەڵبگرێت.
لە کاتێکدا تاڵیبان، بەرانبەر بە هەڵگرتنی چەک لە ماڵی خەڵکی ئاساییدا زۆر توندە و خەڵک، بەتایبەتی بازرگانان کە بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە چەک هەڵدەگرن یان پاسەوانی تایبەتیان هەیە، پابەند کراون کە چەکەکانیان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی تاڵیبان تۆمار بکەن و بەرپرسیارێتیی یاسایی هەڵگرتن و پاراستنی لە ئەستۆ بگرن.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان، ڕایگەیاند، ژمارەی هێزەکانی سوپاکەیان گەیشتووەتە 181 هەزار و 84 کەس و ژمارەی هێزەکانی پۆلیس گەیشتووەتە 100 هەزار و 300 کەس و سەرجەم ئەم هێزانە مەشقی سەربازیی پێویستیان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، کە ئەگەر ئەم ژمارەیە لە هێزەکانی تاڵیبان مەشقی سەربازییان بینیوە و زانیاریی پێویستیان هەیە، بۆچی لە کاتی پاککردنەوەی چەک، یان بەهۆی تەقینەوەی بۆمب لە ماڵەکانیاندا، دەکوژرێن؟
بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، لەگەڵ کۆتایهاتنی ئەرکی سەربازیی واشنتن لە ئەفغانستان، بە بەهای حەوت ملیار و 12 ملیۆن دۆلار کەرەستە و چەکی سەربازی لەم وڵاتەدا مایەوە. بەشێک لەو چەک و کەرەستانە لای تاڵیبانن، بەڵام بەشێکی دیکەیان دیار نەماون، یان بە قاچاخ براونەتەوە دەرەوەی ئەو وڵاتە.