سوپای سووریا قەدەغەی هاتوچۆی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕاگەیاند و دەست بە هێرش دەکاتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا بە فەرمی قەدەغەی هاتوچۆی لە هەرسێ گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە و بەنی زەید لە شاری حەلەب ڕاگەیاند و هۆشداریدا کە بەچڕی بۆردومانی بنکەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) لە زاری دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بڵاویکردەوە، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆکە لە کاتژمێر 1:30 خولەکی دوای ئەمڕۆ دەستپێدەکات و تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.

سوپای سووریا داوای لە دانیشتووانی مەدەنی کردووە بەتەواوی لە بارەگا و خاڵە سەربازییەکانی هەسەدە دووربکەونەوە، چونکە لەگەڵ دەستپێکردنی قەدەغەکەدا، بەچڕی ئەم ناوچانە بۆردومان دەکرێن.

پێشتریش سوپای سووریا، کردنەوەی دوو ڕێڕەوی مرۆیی لە عەوارز و شەقامی زهور ڕاگەیاندبوو، بۆ ئەوەی ئەو خێزانانەی دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن، بتوانن لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تاوەکو 1:00ـی دوای نیوەڕۆ بەم ڕێڕەوە سەلامەتەدا بڕۆن.

سوپای سووریا لە ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداریشی داوەتە هێزە کوردییەکان کە نابێت تەقە لەو هاووڵاتییانە بکەن کە دەیانەوێت لەو ڕێڕەوانەوە لە گەڕەکەکانیان دەرچن.