پارتی و یەكێتی لە کۆبوونەوەدان
شاندی دانوستانکارانی پارتی دیموکراتی کودستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەولێر لە کۆبوونەوەدان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کودستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەکۆبوونەوەدان و گفتوگۆ لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەسیناریۆکان ئەوەیە پارتی و یەکێتی هەوڵدەدەن یەک کاندیدی هاوبەشیان بۆ سەرۆک کۆمار هەبێت، جا کاندیدەکە هی پارتی دەبێت یان هی یەکێتی دەبێت. بۆیە گفتوگۆی چڕ لەوبارەوە دەکرێت.
گوتیشی: ئەگەر لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەنە ڕێککەوتن، ئەوە دەبێتە دەرچەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
دەشڵێت، پێشتر ئەندامانی شاندی دانوستانکاری هەردوولا ئاماژەیان بەوەداوە، پێدەچێت ئەمڕۆ بگەنە ڕێککەوتن و وادەیەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم دیاری بکەن. ئەمەش کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی پێویستە، یەکێک لەو ڕێکارانە ئەوەیە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، دواتر سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵدەبژێردرێن، لەدوای ئەویش بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆکی هەرێم دەکرێتەوە، دوای ئەوە سێ ڕۆژ دەرگای تانەدان دەکرێتەوە، دواتر لە ماوەی 15 ڕۆژ سەرۆکی هەرێم هەلدەبژێردرێت، ئینجا سەرۆکی هەرێم سەرۆک وەزیران ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.
شاندی پارتی پێکهاتوون لە، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب، ئومێد سەباح، هەروەها شاندی یەکێتیش پێکهاتوون لە، قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت ڕەسول، د رێواس فایەق، شاڵاو شێخ سەڵاح.