لەگەڵ هاتنی سەرمای زستان؛ خواست لەسەر گۆشتی قاز زیاد دەکات و نرخەکەی بەرز دەبێتەوە

لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی زستان، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی قاز لە هەرێمی کوردستان گەرم دەبێت. هاووڵاتییان بۆ پاراستنی جەستەیان لە سەرما و چێژوەرگرتن لە تامە کوردەوارییەکەی، ڕوو لە بازاڕەکانی فرۆشتنی پەلەوەر دەکەن، ئەمەش وایکردووە نرخی قاز بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.

ماجید سەعدی، کە ماوەی 15 ساڵە لە بازاڕی پەلەوەرانی هەولێر سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی پەلەوەرە، ئاماژە بەوە دەکات، لە هاویناندا قاز کڕیارێکی ئەوتۆی نییە، چونکە گۆشتەکەی تامی کەمە، بەڵام لە زستاندا دەستکەوتنی گران دەبێت. ماجید دەڵێت: "نرخی کیلۆیەک گۆشتی قاز گەیشتووەتە 15 هەزار دینار، قازی باش و گەورەش هەیە نرخەکەی دەگاتە 75 هەزار دینار، چونکە قازی گەورە چەوری و تامی خۆشترە."

بەهۆی ئەوەی پاککردنی پەڕی قاز کارێکی سەختە و لێزانینی دەوێت، زۆربەی کڕیاران هەر لەناو بازاڕەکە قازەکە پاککدەکەنەوە، ئیبراهیم قادر، کە وەستایەکی ئەم کارەیە، دەڵێت تەنیا بە سێ هەزار دینار قازێک پاک دەکەینەوە، ئەو دەڵێت: "ڕۆژانە نزیکەی 300 قاز پاک دەکەین، بەڵام ڕۆژی هەینی خواست هێندە زۆرە کە نزیکەی 600 قاز لە مەیدانەکە دەفرۆشرێت و پاک دەکرێت."

خواردنی قاز تەنیا لە ماڵەکاندا نییە، بەڵکو لە ڕێستۆرانتە کوردەوارییەکانیشدا یەکێکە لە پڕفرۆشترین جۆرەکانی خواردن و نرخەکەی بۆ هەر قاپێک 15 هەزار دینارە. عیماد ئەحمەد، هاووڵاتییەکی هەولێرە و دەڵێت: "ئامادەکردنی قاز کابانێکی شارەزای دەوێت، چونکە دەبێت بە چەورییەکەی خۆی بکوڵێت تا تامە ڕاستەقینەکەی بدات."

لە ڕووی زانستی و پزیشکییەوە، گۆشتی قاز بە سوودبەخش بۆ وەرزی سەرما دادەنرێت؛ توێژینەوەکان دەریدەخەن کە لە هەر 100 گرام گۆشتدا 31 گرام چەوری سوودبەخشی تێدایە، کە یارمەتی بەهێزکردنی ماسولکەکان دەدات و جەستەی مرۆڤ لە سەرما دەپارێزێت.