ڕوانگەی سووری بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا: بە هەمان نەفەسی ڕەگەزپەرستانە پەلاماری کورد دەدەن
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی سووریا و بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک "تاوانی تائیفی و پاکتاوی ڕەگەزی" دژی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتباری کردن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێزانە مێژوویەکی ڕەشیان هەیە لە بەئامانجگرتنی پێکهاتەکان، کە سەرەتا بە تاوانی تائیفی ئاشکرا دژی عەلەوییەکان لە ناوچە کەناراوییەکان دەستی پێکرد، دواتر هەمان سیناریۆیان بەرامبەر دانیشتوانی دروز لە سەحنایا و سوەیدا دووبارە کردەوە، و ئەمڕۆش بە هەمان نەفەسی ڕەگەزپەرستانە کورد دەکەنە ئامانج و پەلاماریان دەدەن.
لە کۆتایی ڕاگەینەدراوەکەدا هاتووە، سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بە بەهێزی دەمێنێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدار دایە دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب و ڕایگەیاند، سەرجەم پێگەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەو ناوچانەدا دەبنە ئامانجی ڕەوای سەربازی سوپای سووریا.
لەدوای هۆشدارییەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریا، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، "وەزارەتی بەرگریی سووریا، شەڕی لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ڕاگەیاند، کە پڕە لە دانیشتووانی مەدەنی.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی بەرگریی شەڕی کۆمەڵکوژی لە دژی کورد ڕاگەیاندووە، ئەوانەی کە بەدەست ستەمی ڕژێمی پێشووەوە گرفتاربوون، کە زۆربەی دانیشتوانی ئەم گەڕەکە خەڵکی عەفرینن و بەزۆر ئاوارە کراون.