ئێزدییەکانی حەلەب داوای بەهاناوەچوونیان دەکەن

ئێزدییەکانی دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، کە ژمارەیان هەزار و 200 خێزانە، ڕووبەڕووی بۆمباران و دەرکردن دەبنەوە و داوای بەهاناوەچوونیان دەکەن.

ئێزیدییەکانی دانیشتووی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشەرەفییە لە حەلەب، لە بانگەوازێکی پەلەدا بۆ ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزدی لە عێراق و نوێنەرانی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق و دەستە و ڕێکخراوە ناوخۆیییە ئێزدییەکان داوای بەهاناوەچوونی خێرایان دەکەن. 

لە بانگەوازەکەیاندا هاتووە: داواتان لێ دەکەین دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنەکانی تایبەت بە دۆسیەی مرۆیی و پاراستنی مافی کەمینەکانەوە بکەن، بۆ ڕێگریی لە کۆمەڵکوژیی ئەو ئێزدییانەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، گەمارۆ دراون یان ئاوارە بوون.

ئێمە نیگەرانی و مەترسیی خۆمان دەخەینە ڕوو سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی هاوشێوەی ئەوەی لە سووەیدا و کەناراوەکانی سووریا ڕووی دا؛ هەروەها لەپێناو ئەوەی ئێزدییەکان بەهۆی جیاوازیی ئایینییانەوە تووشی هەمان چارەنووس نەبنەوە.

هیواخوازین بەخێرایی بەدەم داواکەمانەوە بێن بۆ پاراستنی کەسوکارمان و مسۆگەرکردنی سەلامەتییان.