ساڵانە 1.8 ملیۆن کەس بە شێرپەنجەی سییەکان گیان لەدەست دەدەن

شێرپەنجەی سییەکان بە یەکێک لە مەترسیدارترین ئالنگارییەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی لە جیهاندا دادەنرێت. ئەم نەخۆشییە کە بە "بکوژی ژمارە یەک" پۆلێن دەکرێت، ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس، لە کاتێکدا پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە بەشێکی زۆری ئەم حاڵەتانە دەکرێت ڕێگرییان لێ بکرێت.

شێرپەنجەی سییەکان چییە؟

شێرپەنجەی سییەکان (Lung Cancer) بریتییە لە گەشەی نائاسایی و کۆنترۆڵنەکراوی خانەکان لە شانەکانی سییەکاندا. ئەم خانە نائاساییانە دەبنە هۆی دروستبوونی گرێ، کە ڕێگری دەکەن لە کارە سەرەکییەکانی سییەکان، کە ئەویش دابینکردنی ئۆکسجینە بۆ جەستە. مەترسیی گەورەی ئەم نەخۆشییە لەوەدایە کە زۆرجار نیشانەکانی لە قۆناغە کۆتاییەکاندا دەردەکەون.

ئامارە جیهانییەکان 

بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئامارەکان ئاماژە بە مەترسییەکی گەورە دەکەن:

-گیان لەدەستدان:  بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەی شێرپەنجە (IARC)ساڵانە نزیکەی 1.8 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە گیان لەدەستدەدەن.

-تووشبوونی نوێ: بە گوێرەی بنکەی زانیارییەکانی (GLOBOCAN) ساڵانە پتر لە 2.2 ملیۆن حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان تۆمار دەکرێن.

-پەیوەندی بە جگەرەوە:  بە گوێرەی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا (CDC)تووتن بەرپرسە لە 80% بۆ 90%ی کۆی حاڵەتەکانی تووشبوون بەم شێرپەنجەیە.

-هەلی ڕزگاربوون: بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی شێرپەنجەی(American Cancer Society) ئەمەریکی پشکنینی پێشوەختە ڕێژەی مانەوە لە ژیان لە 10%وە بۆ 80% بەرز دەکاتەوە.

هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون  بە شێرپەنجەی سییەکان

پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە چەند هۆکارێکی سەرەکی کە دەبنە هۆی تێکدانی خانەی سییەکان کە دیارترینیان بریتین لە:

1-جگەرەکێشان: هۆکاری یەکەم و سەرەکییە بۆ شێرپەنجەی سییەکان، بەهۆی بوونی ماددەی کیمیایی ژەهراوی لەنێو تووتندا.

2-گازی ڕادۆن: گازێکی سروشتی بێبۆن و بێڕەنگە کە لە زەوییەوە دزە دەکاتە ناو بیناکان و بە هۆکاری دووەمی شێرپەنجەی سییەکان دادەنرێت.

3-جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ: ئەو کەسانەی لە نزیک جگەرەکێشەکانن، مەترسیی تووشبوونیان بە ڕێژەی 20-30 %زیاد دەکات.

4-پیسبوونی هەوا: دووکەڵی کارگە و ئۆتۆمبێلەکان وەک "ماددەی تووشکەر بە شێرپەنجە" پۆلێن کراون.

5-بەرکەوتنی پیشەیی: کارکردن لەو شوێنانەی ماددەی وەک "ئەسبێستۆس" یان ژەهرە پیشەییەکانی تێدایە.

هەرچەندە ئامارەکانی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی سییەکان بەرزن، بەڵام پێشکەوتنە پزیشکییەکان و هۆشیاریی کۆمەڵگە هیوا دەبەخشن. پسپۆڕان دووپاتی دەکەنەوە کە "خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر" و هەنگاوی یەکەمیش بۆ پاراستنی ژیان، وازهێنانە لە جگەرەکێشان.