کەرکووک.. هەڵمەتی لابردنی شوێنە زیادەڕۆکانی سەر شەقامەکان دەستی پێکرد
پێنجشەممە، 08 کانوونی دووەم، 2026 قایمقامییەتی قەزای ناوەندی کەرکووک هەڵمەتێکی بۆ لابردنی شوێنە زیادەڕۆکان و پاککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکانی شارەکەی دەست پێ کردووە.
تیمەکانی شارەوانی و قایمقامییەت، دەیان عەرەبانە و شوێنی فرۆشتنی سەوزە و میوەیان لەسەر شەقام پردەکانی کەرکووک لابرد.
فەلاح خەلیل، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک، بە کوردستان 24ـی گوت: ئەمانە بە نایاسایی و بەبێ مۆڵەت ئەو شوێنانەیان داگیر کردبوو، شەقام و مەیدان و پردەکان شوێنی گشتین نەک کەسی. جگە لەوەش بەربەستیان بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست کردبوو و دەوروبەرەکەیان پیس کردبوو.
فەلاح خەلیل گوتیشی: تیمەکان شەو و ڕۆژ لە هەموو جێگەیەکی شاری کەرکووک بەردەوامن لە لابردنی ئەو شوێنانە و پاکڕاگرتنی سیمای شارەکەمان.