کۆمپانیاکانی دیلیڤەری پابەند دەکرێن بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، جەختی کردەوە، کە دەبێت کۆمپانیاکانی گەیاندن (دیلیڤەری) پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارتی ناوخۆ بن، بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و تووشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبن.
پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە سەرپەرشتیی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتەکە، بە ئامادەبوونی ئارام بورهان، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەولێر و نوێنەری کۆمپانیاکانی گەیاندن(دیلیڤەری) بە مەبەستی بەدواداچوونی پابەندبوونی کۆمپانیاکان بە یاسا و ڕێنماییەکان و بەدواداچوونی ڕێکخستنەوەی کارەکانیان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیاکانی گەیاندن دوایین ئاماری ڕێکخستنەوەی کارەکانیان و ئاستی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانیان خستەڕوو کە بە نوسراوی ژمارە (5706) لە ڕێکەوتی 13-2-2025 لە وەزارەتی ناوخۆوە بۆیان ڕەوانە کراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی دیوان جەختی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنماییەکانی کردەوە و هاوکات ئەوەشی ڕاگەیاند، لەمەو دوا هەر کۆمپانیایەک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و تووشی سزای یاسایی و پێبژاردن دەبێتەوە.
وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە، کە جێگای خۆشحاڵییە کە بەشی هەرەزۆری ماتۆڕەکانی گواستنەوەی خواردن، تۆمار کراون و شوفێرەکانیان بوونەتە خاوەنی مۆڵەتی شوفێری و پابەندی یاسا و رێساکانن، ئەوانەشی کە پابەند نین، فەرمان کرا کە پۆلیسی هاتوچۆ رێوشوێنی یاساییان لە بەرانبەر بگرێتە بەر .