ئاماری قوربانییانی حەلەب بەرز بووەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانییانی بۆردومانە هەڕەمەکییەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە ژمارەی شەهیدان گەیشتووەتە 12 کەس و دەیان برینداریش هەن.

پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، نوێترین زانیاریی سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی گەڕەکەکانی شارەکە بڵاو کردەوە.

بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە چڕ و هەڕەمەکییانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا دەکرێتە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، تا ئێستا 12 هاووڵاتی شەهید بوون و 64ـی دیکەش بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە هێرشەکان بە بەکارهێنانی چەکی قورس، تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکان بەردەوامن.

ئاسایشی حەلەب هۆشداریی ئەوەشی داوە کە بەهۆی وێرانبوونی باڵەخانەکان و بەردەوامیی بۆردومانەکان، هێشتا ژمارەیەک لە هاووڵاتی لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە و تیمەکان هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدەن.

ماوەی سێ ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە و بەشێکیشیان بوونەتە قوربانی.