ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب درێژ کرایەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب

دەسەڵاتدارانی سووریا ڕێکارە ئەمنییەکانی شاری حەلەبیان توندتر کردەوە؛ لە لایەک ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی شارەکەیان درێژ کردەوە و لە لایەکی دیکەوە سوپای ئەو وڵاتە بە مەبەستی بۆردومانکردنی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، قەدەغەی هاتوچۆی لەو گەڕەکانە ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی فڕۆکەوانیی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب درێژ کراوەتەوە و تا کاتژمێر 11ـی شەوی هەینی بەردەوام دەبێت.

هاوکات لەگەڵ داخستنی فڕۆکەخانە، سوپای سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا، سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی لە گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید) ڕاگەیاند.

 بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، قەدەغەکە لە کاتژمێر 1:30ـی پاشنیوەڕۆوە دەستی پێ کردووە و تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.

ماوەی سێ ڕۆژە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە. بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ئاوارە بوونە و بەشێکیشیان بوونەتە قوربانی.

دکتۆر عەبدولقادر حەسکۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شێخ مەقسوود، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادان و بۆردومانەکانی ئەم سێ ڕۆژەدا، 10 هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون و 65ـی دیکەش بریندار بوونە، کە بەشێکیان دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە.