ئاسایشی حەلەب فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی سەر بە حکوومەتی کاتی تێکشکاند
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەلەب فڕۆکەیەکی دیکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی سووپای سەر بە حکوومەتی کاتی سووریا خستە خوارەوە و مەترسییەکانی بۆ سەر ناوچەکە پووچەڵ بکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، لە درێژەی هەوڵە ئەمنییەکاندا، تیمەکانی پاراستنی ئاسمانی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانییان درۆنێکی خۆکوژی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی کاتییەوە ئاراستە کرابوو، پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی لە ئاسمانی حەلەب تێکبشکێنن.
تێکشکاندنی ئەم فڕۆکەیە نیشانەی ئامادەباشی و چاودێرییە وردەکانی هێزە ئەمنییەکانە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هێرشێکی تیرۆریستی کە ئارامیی شارەکە و دانیشتووانەکەی بکاتە ئامانج.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی کاتی سووریا زیادی کردووە، کە مەبەست لێی ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕ و تێکدانی سەقامگیریی ناوچە ئارامەکانە. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب جەختیان کردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی ناوچەکە و بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی تێکدەرانە، بە تایبەت کە ئەمە چەندەمین جارە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هێرشی هاوشێوە لە ڕێگەی ئاسمانەوە ئەنجام دەدرێت و لەلایەن تیمە ئەمنییەکانەوە پووچەڵ دەکرێتەوە.