کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داوای پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ کوردانی حەلەب دەکات
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هۆشداریی لەبارەی تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب دەدات و پەلامارە سەربازییەکانی سوپای سووریا و گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی کورد سەرکۆنە دەکات، کۆنفیدراسیۆنەکە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرامبەر هێرشە ڕەگەزپەرستانەکان، پشتگیریی خۆی بۆ هەڵوێستە مێژوویی و نەتەوەییەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی ڕادەگەیەنێت و تێڕوانینەکانی بە زەرورەتێکی هەنووکەیی بۆ پاراستنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان وەسف دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لە ڕێکەوتی 8ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی دیموکراتخواز دەکات بە پەلە بێنە سەر هێڵ بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی کوشتن و ئاوارەکردنی زۆرەملێی گەلی کورد.
جەخت کراوەتەوە لەوەی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی هەڵگرێت و ڕێگری لە هەر هەوڵێکی قڕکردن بگرێت، چونکە پاراستنی گیانی بێتاوانەکان دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە بێت.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ پشتگیریکردنی مافە ڕەواکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرز و مێژوویی نرخاندووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تێڕوانینی سەرۆک بارزانی بۆ دوورخستنەوەی کورد لە شەڕی نێوان پێکهاتەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئاڵۆزیی نەتەوەیی لەگەڵ عەرەب، نەخشەڕێگەیەکی حەکیمانەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد و ڕێگریکردن لە ماڵوێرانیی زیاتر.
هەروەها داوا لە تەواوی هێزە کوردستانییەکان کراوە لەم ساتە وەختە هەستیارەدا یەکدەنگ بن و پشتیوانیی خەڵکی خۆڕاگری شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکەن.
ئەم هەڵوێستەی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە کاتێکدایە کە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا بەهۆی گۆڕانکارییە سەربازییە خێراکانەوە کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی جیددی و گەمارۆی توند.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەک چەترێکی نەتەوەیی بۆ کوردانی تاراوگە، هەمیشە هەوڵی داوە دەنگی ستەملێکراوانی کوردستان بە ناوەندەکانی بڕیار لە ئەوروپا و ئەمریکا بگەیەنێت، کۆنفیدراسیۆنەکە دووپاتی دەکاتەوە کە ناسنامەی نەتەوەیی کورد بە هێزی چەک و گەمارۆ تێکناشکێت و ئەوان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و گەیاندنی دەنگی مەزڵوومییەتی گەلەکەیان تا گەیشتن بە تەواوی مافە ڕەواکان و دابینکردنی کەرامەت و ئازادی بۆ کوردستانییان لە هەر شوێنێکی جیهان بن.