مەزڵووم عەبدی: هێرشی سەر ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لەوێنەی کۆمەڵکوژیی هاوشێوەی تاوانەکانی کەناراوەکانی سووریا و سوەیدایە

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند کە بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکان و پەنابردن بۆ زمانی شەڕ لە دژی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب جێگەی قەبوڵکردن نییە و هەموو دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی سیاسی لەبار دەبات.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد،  بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپهاوێژ لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان و بۆردومانکردنی مەدەنییە بێبەرگرییەکان، هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە لە ڕێگەی هێزەوە. 

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە، ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە پڕۆسەی دانوستان لە ئارادایە، ژینگەیەک بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی زۆرەملێ فەراهەم دەکات و مەترسیی ڕوودانی کۆمەڵکوژیی هاوشێوەی ئەو تاوانانە دروست دەکات کە پێشتر لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا ڕوویاندا و وەک تاوانی جەنگ پۆلێن کران.

عەبدی ڕایگەیاند: چەند ڕۆژێکە لەگەڵ سەرجەم لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی بە زووترین کات هێرشەکان ڕابگیرێن و ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە بگرن. 

هەروەها هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ بنەماڵەی شەهیدانی ئەم پێکدادانانە دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی تەواوی بۆ دانیشتووانی گەڕەکە گەمارۆدراوەکانی حەلەب.

ئەم لێدوانانەی مەزڵووم عەبدی لە کاتێکدایە کە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026دا، ململانێکانی باکووری سووریا چووەتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەوە، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، ڕووبەڕووی هێرشێکی گشتگیری هێزەکانی دیمەشق بوونەتەوە و بەکارهێنانی چەکی قورس لە ناوەندی شارەکەدا، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ژیانی هەزاران هاووڵاتی دروست کردووە کە ئێستا لە نێوان شەڕی مەیدانی و فشارە دیپلۆماسییەکاندا گیریان خواردووە.