ئەنجوومەنی پیران دەسەڵاتەکانی ترەمپ سنووردار دەکات

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا, پڕۆژەیاسایەکی پەسەند کرد کە دەسەڵاتەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سنووردار دەکات لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی ڤەنزوێلا، ئەگەر ڕەزامەندیی پێشوەختەی کۆنگرێسی لەسەر نەبێت.

پێنجشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پڕۆژەیاسایەکی نوێی تێپەڕاند کە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی هەنگاوە سەربازییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە لە دۆسیەی ڤەنزوێلادا.

 بە گوێرەی یاساکە، ئیدارەی ترەمپ ڕێگەی پێ نادرێت بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بدات بەبێ ئەوەی گڵۆپی سەوزی لە کۆنگرێسەوە بۆ هەڵکرابێت.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی پیران دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی بۆ سەر ڤەنزوێلا ڕاگەیاند.

لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و سیلیا فلۆریسی هاوسەری دەستگیر کران و بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گواسترانەوە، ئێستا لە زیندانێکی برۆکلین لە باشووری نیویۆرک دەستبەسەرن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی 5ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لەبەردەم دادگای فیدراڵیی ناوچەی باشووری نیویۆرک ئامادە بوون، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا تۆمەتی تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانیان ئاراستە کردوون، بەڵام هەریەک لە مادۆرۆ و فلۆریس ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بێتاوان.