ئاسایشی حەلەب گەڕەکی ئەشرەفییە لە چەکدارانی شەرع پاک دەکاتەوە و 13 هێرشبەری کوشت

پێکدادانی سەخت لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفییەی شاری حەلەب بەردەوامە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانییان هێرشێکی توندی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق تێکبشکێنن، کە تێیدا 13 چەکدار کوژران و 2 زرێپۆشیش بە تەواوی تەقێنرانەوە.

بەپێی نوێترین ڕاگەیەندراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئاسایشی حەلەب، هێزە بەرگریکارەکان بە قارەمانێتییەکی کەم وێنەوە بەرپەرچی هێرشێکی بەرفراوانی تانک و زرێپۆشەکانیان داوەتەوە و توانیویانە دوو چەکداری تریش بە دیل بگرن. 

ئێستا تیمە پسپۆرەکانی ئاسایش سەرقاڵی پڕۆسەی پشکنین و پاککردنەوەی ئەو باڵەخانانەی نیشتەجێبوونن کە چەکدارانی هێرشبەر پێشتر چوبوونە ناویەوە، هاوکات پاشماوەی هێزەکانی دیمەشق لە مەیدانی شەڕ ڕایانکردووە و پاشەکشەیان کردووە.

ئەم پەرەسەندنە مەیدانییە لە کاتێکدایە کە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026دا، گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ڕووبەڕووی هێرشێکی هێزەکانی شەرع و گروپە توندڕەوە هاوپەیمانەکانیان بوونەتەوە. 

تێکشکاندنی ئەم هێرشە نوێیە و دەرکردنی چەکدارە بیانییەکان لە ناو ماڵ و باڵەخانە مەدەنییەکان، دوای ئەوە دێت کە ناوچەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەژێر تۆپبارانی بێوچانی تانک و موشەکی گراددا بوو.

 ئەم سەرکەوتنە سەربازییەی ئاسایشی ناوخۆ، ئاستی ئامادەباشی و توانای بەرگریی هێزەکان نیشان دەدات لە بەرامبەر ئەو پلانانەی کە ئامانجیان داگیرکردنی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و کۆچبەرکردنی زۆرەملێی دانیشتووانەکەیەتی.