موقتەدا سەدر داوای پاراستنی پێکهاتە و نەتەوەکانی سووریا دەکات

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە عێراق، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر دۆخی سووریا نیشان دەدات و داوای پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە دەکات لە هەر هەڕەشە و توندوتیژییەک.

لە پەیامێکدا کە لە 8ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، موقتەدا سەدر نزا و هیوای خۆی بۆ ئارامیی سووریا دەربڕیوە، لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی گەلی سووریا کردووەتەوە بە هەموو تایفە و پێکهاتەکانییەوە، بەتایبەتی ئاماژەی بە پێویستیی پاراستنی سوننە، شیعە، درووز، کورد، مەسیحی و تەواوی کەمینەکانی تری ئەو وڵاتە کردووە.

 سەدر هیوای خواستووە سووریا و گەلەکەی لە هەموو جۆرە خراپە، توندوتیژی و زیانێک بەدوور بن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە ڕووی لەو وڵاتە کردووە.

ئەم هەڵوێستەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ساڵی 2026دا، گۆڕەپانی سووریا بەتایبەت ناوچەکانی باکوور و شاری حەلەب، شاهیدی پەرەسەندنێکی مەترسیداری سەربازی و پێکدادانی خوێناوین، ئاماژەپێکردنی ناوی کورد و پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکان لە پەیامی سەرکردەیەکی دیاری عێراقی، نیشانەی بایەخدانی نێودەوڵەتی و هەرێمییە بە پاراستنی هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی لە سووریا، لە ترسی ڕوودانی هەر جۆرە پاکتاوێکی ڕەگەزی یان کۆمەڵکوژییەک کە مەترسی بۆ سەر ئاشتیی ناوچەکە دروست بکات، پەیامەکەی سەدر ڕەنگدانەوەی ئەو نیگەرانییە گشتییەیە کە لە ناوەندە سیاسی و ئایینییەکانی ناوچەکەدا دروست بووە بەرامبەر بە پاشەڕۆژی پێکەوەژیان لە سووریادا.