ڕۆستەم مەحموود: هێرشەکانی سەر حەلەب پیلانێکی داڕێژراوی هەرێمییە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد

ئەمەریکا بەهێزەوە هاتووەتە نێو ئاڵۆزییەکە بۆ هێورکردنەوە

ڕۆستەم مەحموود
ڕۆستەم مەحموود

ڕۆستەم مەحموود، چاودێری سیاسی، لە شیکارییەکی ورددا بۆ بارودۆخی ئێستای شاری حەلەب ، لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشە توندانەی دەکرێنە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، تەنیا پێکدادانێکی سەربازیی سادە نین، بەڵکو درێژکراوەی سیاسەتێکی قووڵی ڕەتکردنەوە و دیکتاتۆرییەتن کە دەسەڵاتدارانی شام پەیڕەوی دەکەن. ئەو پێی وایە سیستەمی حکومڕانی لە شام هیچ بەرنامەیەکی ڕاستەقینەی بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی لە دوای قۆناغی ئەسەد نییە و ئەوەی ئێستا بەرانبەر کورد جێبەجێ دەکرێت، هەمان ئەو سیاسەتی کۆمەڵکوژی و سەرکوتکردنەیە کە پێشتر دژی درووزەکان، عەلەوییەکان و مەسیحییەکان بەکارهێنراوە، کە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی هەموو پێکهاتەکانە لە ڕێگەی هێز و لەناوبردنی ڕێککەوتنەکانەوە.

ئەم چاودێرە سیاسییە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە ساڵی 2026دا، لە ڕاستیدا درێژکراوەی ئەو پەلامارانەن کە پێشتر کرانە سەر کۆبانی و ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام جەخت دەکاتەوە لەوەی، وەک چۆن کچ و کوڕی کورد توانییان گەورەترین هێزی تیرۆریستی وەک داعش تێکبشکێنن لە کاتێکدا هیچ لایەنێکی ناوچەکە توانای ئەوەی نەبوو، ئێستاش هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەتوانن بەرگری لە ناسنامە و خاکی خۆیان بکەن. 

ئەو پێی وایە دەسەڵاتی شام دوای ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، دڵنیایی وەرگرتووە کە لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر کورد ڕووبەڕووی لێدانی سەربازیی ئیسرائیل نابێتەوە، بۆیە دەستی کراوەتر بووە بۆ بەکارهێنانی چەکی قورس دژی مەدەنییەکان.

لە بەشێکی تری شیکارییەکەیدا، ڕۆستەم مەحموود باس لە ڕۆڵی مێژوویی و نەتەوەیی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و دەڵێت: پەیامەکانی پشتیوانیی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناسنامەیەکی نەتەوەیی بەهێز دەبەخشێتە خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان. 

ئەو دەڵێت سەرۆک بارزانی وەک سیمبوڵێکی گەورە و باوکی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هەمیشە لە کاتی تەنگانەدا بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەستاوە و پەیامەکەی ئێستاشی وای کردووە کە هەموو ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلابنرێن و جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەمڕۆ ڕۆژی بەرگرییە.

 مەحموود پێی وایە کەسایەتیی سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی هێندە قورسایی هەیە کە دەتوانێت ببێتە فشارێکی کاریگەر بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە، وەک چۆن پێشتر لە کۆبانی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو، ئێستاش کورد بە تەنیا جێناهێڵێت.

سەبارەت بە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ، ئەم چاودێرە سیاسییە ئاشکرای دەکات کە وڵاتێکی دراوسێ لە پشت ئەم پەرەسەندنانەوەیە و دەیەوێت ڕێگری بکات لە هەر پێشکەوتنێکی سیاسیی هەسەدە.

 ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا  ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکان، گفتوگۆیەکی گرنگ بە نێوەندگیری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا (العزم الصلب) لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە ئارادابوو بۆ پێکهێنانی سێ فیرقەی سەربازی و چارەسەرکردنی پرسی نەوت، بەڵام وڵاتێکی دراوسێ لە ڕێگەی 26 گرووپی چەکداریی سەر بە خۆیەوە کە ئێستا حەلەب بۆردومان دەکەن، ویستی پەیامی ئەوە بدات کە ڕێگە بەو جۆرە ڕێککەوتنانە نادات کە بەرژەوەندییەکانی دەخەنە مەترسییەوە.

هاوکات ڕۆستەم مەحموود دەڵێت: هەسەدە تەنیا گروپێکی سەربازی نییە، بەڵکو بەرگریکارە لە تەواوی گەلی باکووری سووریا و ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی ئەمەریکا لەسەر هێڵن بۆ کۆتاییهێنان بەم گرژییانە. 

ئەو جەخت دەکاتەوە لەوەی کورد وەک پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بێ پشتیوان نییە، چونکە جگە لە هێزی پێشمەرگە و گەلی کورد لە باشووری کوردستان، زیاتر لە 20 ملیۆن کورد لە باکووری کوردستان و پشتیوانییەکی بەهێزی میدیایی و سیاسی و سەربازیی جیهانییان لەگەڵە. 

مەحموود پێی وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لایەنی هێرشبەر بە توندڕەو دەبینێت کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن، بۆیە سەرکەوتنی کۆتایی بۆ گەلی کورد دەبێت کە بە کەرامەتەوە بەرگری لە بوونی خۆی دەکات.