وردە پلاستیک.. دوژمنی نادیاری ناو خۆراکەکانی ڕۆژانە

توێژینەوە زانستییە نوێیەکان ئاشکرای دەکەن، وردەپلاستیک یان (مایکرۆپلاستیک) بووەتە بەشێکی نادیار لە خۆراکی ڕۆژانەی مرۆڤ، تەنیا خواردنە دەریاییەکان نین کە بەم ماددەیەوە پیس بوون، بەڵکو چەندین سەرچاوەی دیکەی خۆراکی هەن کە بە هیچ شێوەیەک بە خەیاڵی مرۆڤدا نایەت ڕۆژانە لەو ڕێگەیەوە پلاستیک بخوات.

کاترین ڕۆڵف شارەزایەکی بواری ژینگەیە، لە ماڵپەڕی (ساینس ئەلێرت)، پێنج سەرچاوەی سەرەکی مایکرۆپلاستیک دەخاتە ڕوو کە بریتین لە:

1-بنێشت

بنێشت یەکێکە لەو سەرچاوانەی کەس گومانی لێ ناکات، بەڵام زۆربەی جۆرەکانی بنێشت لە بنچینەیەکی پلاستیکی یان لاستیکی دروست دەکرێن کە تام و شیرینکەریان بۆ زیاد دەکرێت، لە کاتی جویندا، وردەپلاستیکەکان بڵاودەبنەوە، تەنیا یەک گرام بنێشت دەکرێت 637 گەردیلەی وردی پلاستیکی لێ ببێتەوە، پرۆسەی بەرهەمهێنان و پاکەتکردنیش وای کردووە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان بنێشتی سروشتی و دەستکرددا نەمێنێت.

2-خوێ

سەرەڕای سادەییەکەی، تاقیکردنەوە جیهانییەکان دەریانخستووە کە 94%ی بەرهەمەکانی خوێ بە مایکرۆپلاستیک پیس بوون، تێبینی کراوە کە خوێی زەوی (وەک خوێی هیمالایا) ئاستی پیسبوونی زیاترە بەراورد بە خوێی دەریا، هەروەها ئەو ئامێرانەی بۆ هاڕینی خوێ بەکاردێن و لە پلاستیک دروستکراون، لە کاتی بەکارهێناندا هەزاران گەردیلەی پلاستیک تێکەڵی خوێیەکە دەکەن.

3-میوە و سەوزە

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە وردە پلاستیکەکان، بەتایبەت جۆرە زۆر وردەکان (نانۆپلاستیک)، دەتوانن لە ڕێگەی ڕەگەوە بچنە ناو ڕووەکەکان یان لەسەر ڕووی میوەکان بنیشن، سێو و گێزەر بەرزترین ئاستی پیسبوونیان تێدا تۆمارکراوە، لە بەرانبەردا خاس کەمترین ڕێژەی تێدایە، پسپۆڕان دەڵێن: هەرچەندە ئەم مەترسییە هەیە، بەڵام هێشتا سوودە تەندروستییەکانی میوە و سەوزە و دژەئۆکسانەکانی ناویان، زۆر زیاترن لە مەترسیی پلاستیکەکە.

 4-چا، قاوە و خواردنەوە گەرمەکان
تەنیا کیسەی چا پلاستیکییەکان مەترسی نین، بەڵکو گەڵای چا و دەنکە قاوەکانیش وردەپلاستیکیان پێوەیە، پلەی گەرمی بەرز دەبێتە هۆی ئەوەی پلاستیکەکە خێراتر لە قاپ و کیسەکانەوە بۆ ناو خواردنەوەکە بگوازرێتەوە، توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، خواردنەوە گەرمەکان لەناو کوپە پلاستیکییەکاندا یەکێکن لە سەرچاوە هەرە مەترسیدارەکان.

5-خواردنە دەریاییەکان

ئەگەرچی هەمیشە باس لە پیسبوونی ماسی و خواردنە دەریاییەکان دەکرێت، بەڵام دەرکەوتووە ئاستی وردە پلاستیک لە هەندێک جۆری ماسی و سەدەفدا، زۆر کەمترە بەراورد بەو ڕێژە ملیۆنییەی کە لە کیسەیەکی چای پلاستیکیدا هەیە.

چۆن خۆمان لە وردە پلاستیک بپارێزین؟

بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنی ئەم ماددە زیانبەخشە، شارەزایان پێشنیازی ئەم هەنگاوانە دەکەن:

- دوورکەوتنەوە لە هەڵگرتنی خۆراک لەناو دەفری پلاستیکیدا.
- خواردن لەناو قاپ و دەفری شووشە یان کانزایی گەرم بکرێتەوە نەک پلاستیک.
- بەکارهێنانی ئاوی بۆڕی (دوای پاڵاوتنی) لەبری ئاوی ناو بوتڵ، چونکە ئاوی ناو بوتڵە پلاستیکییەکان دەکرێت لە هەر لیترێکدا 240 هەزار گەردیلەی مایکرۆپلاستیکی تێدا بێت.

هەرچەندە نەهێشتنی پلاستیک لە ژیانی ئێستا کارێکی ئەستەمە، بەڵام گۆڕینی هەندێک نەریتی ڕۆژانە دەبێتە هۆی پاراستنی تەندروستیمان.