حیکمەت هیجری: ئێمە لە پاڵ خوشک و برا کوردەکانمان دەوەستین

ڕێبەری ڕۆحیی درووزەکانی سووریا پشتیوانیی خۆی بۆ دۆزی کورد و مافە ڕەواکانی دووپات کردەوە

ڕێبەری ڕۆحیی درووزەکانی سووریا، لە پەیامێکی تونددا هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بە "داگیرکاریی دڕندانە" و "جینۆساید" پێناسە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی ڕوو دەدات "هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی کە لەلایەن گرووپە تەکفیرییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت."

هەینی، 9ـی کانوونی دووەمی 2026، شێخ حیکمەت هیجری، ڕێبەری ڕۆحیی درووزەکانی سووریا، لە بارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی پارێزگای حەلەب بە تایبەت هەر دوو گەڕەکی کوردنشین؛ ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بڵاو کردەوە.

حیکمەت هیجری لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردووە، دەڵێت: "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم داگیرکارییە دڕندانە بەردەوامە دەکەین کە لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە تەکفیرییەکانی سەر بەوان، دەکرێتە سەر کەسوکار و بێتاوانانی کورد لە ناوچە ئازادەکانیان لە حەلەب و دەوروبەری".

ڕێبەری ڕۆحیی درووزەکانی سووریا لە باسی دۆخەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەم هێرشانە هیچ نین جگە لە "هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و ئەنجامدانی جینۆساید (کۆمەڵکوژی) کە لە نێوان کەمینەکاندا جێبەجێ دەکرێت."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هیجری هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانی لە دۆزی کورد ڕاگەیاندووە و دەڵێت: "ئێمە لە پاڵ خوشک و برا کوردەکانمان دەوەستین تا ئەو کاتەی تەواوی مافە مێژوویی، جوگرافی و مرۆییەکانی خۆیان بەدەست دەهێنن".

ماوەی چوار ڕۆژە سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمانی ئەحمەد شەرع، هێرشی سەربازییان بۆ سەر هەر دوو گەڕەکی کوردی؛ "ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوود" لە حەلەب، دەست پێکردووە.

سوپای عەرەبیی سووریا، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بە چەکی قورس و بە تانک، بۆردومانی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە دەکەن، بەمەش نزیکەی 150 هەزار هاووڵاتیی کە دانیشتووی ئەو گەڕەکانە بوون، ئاوارە بوونە، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای شەرع، تا ئێستا زیاتر لە 23 هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 100ـی دیکەش بریندار بوونە.