ئاسایشی حەلەب دوو هێرشی بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود تێکشکاند

لە چوارەم ڕۆژی بەردەوامیی تۆپبارانەکاندا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب تێکشکاندنی دوو هێرشی قورسی سوپای عەرەبی سووریا و میلیشیاکانیان بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕاگەیاند، کە بە پشتیوانیی تانک و چەکی قورس لە میحوەری وادی زەیتونەوە هەوڵی پێشڕەوییان دەدا.

هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-حەلەب ڕایانگەیاند، لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای عەرەبی سووریا، کە لە میلیشیاکانی عەمشات، هەمزات و نورەدین زەنکی پێکهاتبوون، دوو جار هەوڵی هەڵکوتانە سەر گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەبیان دا.

دەشڵێت، هێرشەکان لە قۆڵی وادی زەیتونەوە دەستیان پێکردووە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە تانک و چەکی قورس پشتیوانی کراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانیویانە هەردوو هەوڵەکە پووچەڵ بکەنەوە و بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە، بەمەش هێزەکان ناچار بە پاشەکشە کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانەدا، ماوەی چوار ڕۆژە لەسەریەک گەڕەکی شێخ مەقسوود لەلایەن سوپای عەرەبی سووریا ڕووبەڕووی تۆپبارانی بەردەوام دەبێتەوە.