ئیلهام ئەحمەد: دیمەشق ڕێگەی شەڕی هەڵبژاردووە، بەڵام ئێمە پابەندی ڕێککەوتنەکانین
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، سەرەڕای توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، ئەوان هێشتا پابەندن بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئەنجامدراون.
هەینی 9ی کانوونی دووەمی 2026، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، دەسەڵاتدارانی سووریای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ڕێگەی شەڕیان هەڵبژاردووە.
گوتیشی: بە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، لایەنی حکوومەت هەوڵ دەدات کۆتایی بەو ڕێککەوتنانە بهێنێت کە پێشتر کراون.
جەختیشی کردەوە: ئێمە پابەندین بە ڕێککەوتنەکان و هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدەین و دەمانەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی دیمەشق ئامادە نییە پابەندی ڕێککەوتن بێت.
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەش کرد، ئەمەریکا لەو بابەتە ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت، هیوادارە بتوانن فشار لە دیمەشق بکەن بۆ ئەوەی بە ڕێککەوتن پابەند بن.
هاوکات سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە ئاژانسی فرانس پرێس ڕاگەیاندووە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا بۆ دیمەشق بەڕێکەوتووە.