سوپای عەرەبیی سووریا گەڕەکی شێخ مەقسودی بە "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساند و قەدەغەی هاتووچۆی سەپاند

سوپای عەرەبیی سووریا گەڕەکی شێخ مەقسوودی وەک 'ناوچەیەکی سەربازیی داخراو' ناساند و قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی بەسەردا سەپاند، هاوکات هۆشداریی دایە دانیشتووان بۆ پاراستنی گیانیان بچنە نهۆمەکانی خوارەوە و لە بنکە سەربازییەکان دوور بکەونەوە.

هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ئیخباریە)، زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلەی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی گەڕەکی شێخ مەقسوود دەرکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سوپای عەرەبیی سووریا بە فەرمی گەڕەکی شێخ مەقسوودی وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە.

هاوکات، سوپا بڕیاری قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی لە گەڕەکەکەدا ڕاگەیاندووە، کە لە کاتژمێر 06:30ی ئێوارەوە دەست پێدەکات و تاوەکوو ئاگادارکردنەوەیەکی تر بەردەوام دەبێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕینمایی دراوەتە دانیشتووانی ناو گەڕەکەکە کە بۆ پاراستنی سەلامەتییان، لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە، بچنە نهۆمەکانی خوارەوەی باڵەخانەکان (ژێر زەمینەکان) و بە هەموو شێوەیەک ئاگاداربن و لە پێگە و بارەگاکانی "هێزەکان نزیک نەکەونەوە.