ئاسایشی حەلەب: شێخ مەقسوود ڕووبەڕووی شاڵاوی پاکتاو بووەتەوە
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕایانگەیاند، گەڕەکی شێخ مەقسود ڕووبەڕووی 'شاڵاوی پاکتاوی سیستماتیک' و بۆردوومانی چڕی تانک و چەکی قورسی میلیشیاکانی دیمەشق بووەتەوە، هاوکات هێزەکانیان بە توندی ڕووبەڕووی هەوڵی دزەکردنی زەمینیی ئەو میلیشیایانە بوونەتەوە.
هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، گەڕەکی شێخ مەقسوود، کە ناوچەیەکی پڕ دانیشتووانە، کەوتووەتە بەر هێرشێکی چڕ و بەرفراوانی میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان بە بەکارهێنانی جۆرەها چەکی قورس، تانک و تۆپهاوێژ ئەنجام دەدرێن و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گەڕەکە نیشتەجێبووەکان دەکەنە ئامانج. ئاسایش ئەم هێرشانەی بە شێوازێکی شاڵاوی پاکتاو سیستماتیک دژی دانیشتووان وەسف کردووە، کە هاوشێوەی شێوازە وێرانکارییەکانی شەڕ دژی ناوچە ئاوەدانەکان.
ئاسایشی حەلەب ڕایگەیاندووە، میلیشیاکانی حکوومەت لە هەوڵدان بە تانک دزە بکەنە ناو گەڕەکەکەوە و پێشڕەوی بکەن، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی بەرگرییەکی توند و بەردەوامی هێزەکانیان بوونەتەوە.