سوپای عەرەبیی سووریا نەخۆشخانەی خالید فەجریان لە حەلەب کردە ئامانج
ئاژانسی هەواڵی هەوار ڕایگەیاندووە، سوپای عەرەبیی سووریا، بە چەکی تۆپهاوێژ و هاوەن هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شاری حەلەب، کە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش و منداڵ و ژنی تێدایە.
ئاژانسی هەواڵی هەوار بڵاوی کردووەتەوە، سوپای عەرەبیی سووریا، هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکە گەمارۆدراوەکانی حەلەب بەردەوامە و بە مەبەست نەخۆشخانەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.
ئاماژە بەوەش دەکات، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا نەخۆشخانەی خالید فەجر بە سەختی کراوەتە ئامانج؛ بە جۆرێک شەوی ڕابردوو چوار جار هێرشی کراوەتە سەر و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ و کەمێک پێش ئێستاش جارێکی دیکە بۆردوومان کراوەتەوە.
دیمەنە بڵاوکراوەکانی ناو نەخۆشخانەکە دەریدەخەن کە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش، کە لە منداڵ، ژنان و بەساڵاچووان پێکهاتوون، لەگەڵ کەسوکاریان لە ناو نەخۆشخانەکەدان. سەرەڕای ئەم دۆخە مرۆییە سەختە، هێرشی چەکدارەکان بەبێ وەستان بەردەوامە.