ترەمپ بۆ ڕووسیا: بەردەوامبوون لە جەنگ، سزای زیاتری بەدواوەیە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداری سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا دەدات و دەڵێت "پشتیوانی سەپاندنی پاکێجێکی نوێی سزا لە دژی ڕووسیا دەکەم.
هەینی 9ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بە ئاژانسی "فۆکس نیوز"ـی ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا پلانی سەپاندنی سزای نوێی بۆ سەر ڕووسیا هەیە، ئەگەر ڕووسیا لە جەنگ بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە پشتگیری لە جێبەجێکردنی پاکێجەکە دەکات، بۆیە هیوا خوازە مۆسکۆ ناچاری نەکات ئەو بڕیارە بدات و جێبەجێی بکات.
ترەمپ ئاماژەیداوە "ئەمەریکا پێشتر چەند پاکێجێکی سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، کاریگەریی سزاکانیش وایکردووە، ڕووسیا دۆخێکی لەرزۆکی ئابووریی هەبێت، بۆیە سەپاندنی سزای دیکە کاریگەریی قورستری دەبێت".
لە چەند مانگی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی خستووەتەڕوو کە ئابووری ڕووسیای کردووەتە ئامانج، لەوانە سزاکانی سەر دوو گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ڕووسیا و باج لەسەر هیندستان بەهۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ.
22ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەنجیینەی ئەمەریکا سزای بەسەر گەورەترین کۆمپانیاکانی ( لوکۆیڵ ) و ( ڕۆزنەفت ) ڕووسیادا سەپاند، ئامانج لەم سزایانە کەمکردنەوەی توانای کرملین بوو بۆ دابینکردنی دارایی جەنگ دژی ئۆکرانیا و فشارخستنە سەر مۆسکۆ بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە دانوستانەکانی ئاشتی.
سزاکانی ئەمەریکا بوونە هۆی زیادبوونی فشارەکان لەسەر کەرتی وزەی ڕووسیا و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی ئەو کۆمپانیایانە بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا.