ئەڵمانیا جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 10 ئادار دەکاتەوە
نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەسەر دۆخی حەلەب پەیوەندی بە مەزڵووم عەبدییەوە دەکات
لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکان لە حەلەب، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ، جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازار و ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان کردەوە.
تۆبیاس تونکێل، نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، گفتوگۆی لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی حەلەب کرد.
نێردەی تایبەتیی ئەڵمانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بە هەڵگیرسانی توندوتیژییەکان لە حەلەب، ئاشکرای کرد کە پەیوەندی بە مەزڵووم عەبدییەوە کردووە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، بەرپرسە ئەڵمانییەکە جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئاداری کردووەتەوە.
تونکێل لە بەشێکی تری قسەکانیدا دڵنیایی داوە کە وڵاتەکەی لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و هانیان دەدات بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی بە هەر نرخێک بێت.
ڕێککەوتنی 10ی ئادار
ڕێککەوتنی 10ی ئاداری 2025، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە واژۆ کراوە.
ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، وەک: ئاگربەست لە سەرتاسەری سووریا، تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها داننان بە مافی پێکهاتەی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی وڵاتەکە.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بووەتەوە، هەردوولا یەکتری بە خاو کارکردن لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
لەم دواییانەدا حکوومەتی دیمەشق بۆ یەکەمجار پێشنیازێکی نووسراوی پێشکەش بە هەسەدە کردووە، پێشنیازەکە باس لە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازیدا دەکات. چاوەڕوان دەکرا لەم سەردانەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازە و وردەکارییەکانی تری ڕێککەوتنەکە بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەو وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دیاری کرابوو.