ترەمپ داوای وەستاندنی شەڕەکەی سووریا دەکات

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبارەی گرژییەکانی حەلەبەوە هاتە دەنگ و وێڕای ئاماژەدان بەوەی کورد و حکوومەتی سووریا دوژمنی سروشتیی یەکترن، جەختی کردەوە کە ئەمەریکا پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەردوولایاندا هەیە و خوازیارن دەستبەجێ ئەو شەڕە تازەیە بوەستێنرێت.

شەممە 10ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی، لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی حەلەب وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و داوای ڕاگرتنی شەڕی کرد و گوتی: ئێمە دەمانەوێت ئاشتی ببینین.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا بەرانبەر لایەنەکان، تڕەمپ ڕایگەیاند: وەک دەزانن، ئێمە لەگەڵ کوردەکان و حکومەتی سووریاشدا پەیوەندیمان زۆر باشە، هەرچەندە ئەوان بە درێژایی ساڵان دوژمنی سروشتیی یەکتر بوون، بەڵام ئێمە لەگەڵ هەردوولایان باشین.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا دەیانەوێت سەرکەوتنی سووریا ببینن و گوتی: تا ئێستا پێم وایە ئەوان سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئەم شەڕە تازە سەریهەڵداوە و ئێمە دەمانەوێت ببینین کە دەوەستێنرێت.

ئەمەش لە لاتێکدایە، چوار ڕۆژە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و سوپای عەرەبیی سووریا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەردەوامە.