لە شەترە بازاڕی ماسی لە لێواری داڕماندایە

کرێکاران و فرۆشیارانی بازاڕی ماسی لە شارۆچکەی "شەترە" سەر بە پارێزگای ذی قار، هۆشداری دەدەن لە داڕمانی تەواوەتی بینای بازاڕەکە و داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن پێش ڕوودانی کارەساتی گیانی، دەستوەردان بکەن.

چەند کرێکارێکی بازاڕەکە بە ئاژانسی "شەفەق نیوز"یان ڕاگەیاندووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ئەندازیاری و بەرگریی شارستانی، بیناکە لە ساڵی 2023ەوە بە "نەگونجاو بۆ بەکارهێنان" دەستنیشان کراوە. بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە، سەرەڕای مەترسییەکان، لە ساڵی 2025 بازاڕەکە بە زیادکردنی ئاشکرا و بە بڕی 473 ملیۆن دیناری ساڵانە دراوە بە وەبەرهێنان، بێ ئەوەی هیچ نۆژەنکردنەوەیەکی تێدا بکرێت.

باس لەوەش کراوە؛ نیشانەکانی داڕمان بە ڕوونی دەرکەوتوون؛ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بنمیچی فەرمانگەی سەرەکی ناو بازاڕەکە ڕووخاوە. ئەمەش وایکردووە کڕیاران و فرۆشیاران لە ترسی گیانی خۆیان، تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانیشیان نەبەنە ناو بازاڕەکە. کرێکاران ڕەخنە لە شارەوانی شەترە دەگرن کە هیچ ڕێوشوێنێکی بۆ پاراستنی سەلامەتییان نەگرتووەتە بەر و داوا لە محەممەد شیاع سوودانی و پارێزگاری ذی قار دەکەن شوێنێکی بەدیل بۆ بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، حەیدەر غالب، سەرۆکی شارەوانی شەترە، پشتڕاستی کردەوە بەشێکی بیناکە (ژووری کارگێڕی) داڕماوە. ناوبراو بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: "ڕێنمایی بەپەلەمان دەرکردووە کە کارەکانی کۆکردنەوە و باجی ماسی ببرێتە دەرەوەی بینای بازاڕەکە بۆ ئەوەی گیانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان نەکەوێتە مەترسییەوە."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد پەیوەندییان بە بەرگریی شارستانییەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی کۆتایی و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی بیناکە، جەختیشی کردەوە ئیدارەی خۆجێی بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکات تا ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکان تەواو دەبن.