بانکی ناوەندیی عێراق مەرجی نوێ بۆ ئەو بانکانە دادەنێت کە مامەڵە بە "یۆرۆ" دەکەن

ڕوانگەی "عێراق ئیکۆ" بۆ کاروباری ئابووری، نوێترین پاکێجی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی بڵاوکردەوە، تایبەتە بە ڕێگەدان بەو بانکانەی مامەڵەی دۆلاریان لێ قەدەغەکراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە دراوە بیانییەکانی دیکە وەک (یۆرۆ، یوانی چینی، و درهەمی ئیماراتی) کار بکەن.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی بانکی ناوەندی کە لەژێر ناونیشانی ڕێنمایی بۆ هەڵسەنگاندنی کەمترین پێداویستییەکان دەرچووە، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە دەبێت سەرمایەی ئەو بانکانەی داوای کارکردن بەو دراوانە دەکەن، کەمتر نەبێت لە 300 ملیار دیناری عێراقی. هەروەها بانکی ناوەندیی مەرجی ئەوەی داناوە ئەو بانکە پلانێکی هەبێت بۆ زیادکردنی سەرمایەکەی بۆ 400 ملیار دینار تا کۆتایی ساڵی 2028.

لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە پێویستە ئەو بانکانە خاوەنی نەختینەییەکی (Liquidity) بەهێز بن و پابەندی ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی وەک (LCR و NSFR) بن بۆ دابینکردنی مافی موکلەکانیان. هاوکات، بانکەکان ناچارکراون بە ئاشکراکردنی لیستی تەواوی خاوەن پشکەکان و پێشکەشکردنی زانیاری ورد لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان، وەک هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە کەرتی بانکییدا.

ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندیی وەک بەشێک لە پڕۆسەی چاکسازی کەرتی بانکی دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕوانگەی ئیکۆ ئاشکرای کرد، لە کۆی 72 بانکی چالاک لە عێراق، 35 بانکیان بەهۆی سزاکانی خەزێنەی ئەمەریکا یان ڕێوشوێنی ڕێکخراوەیی، مافی مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ وەرگیراوەتەوە. هەروەها ئەم ڕێنماییە نوێیانە دەبێتە دەرچەیەک بۆ ئەو بانکانە تا لە ڕێگەی دراوەکانی دیکەوە بەردەوامی بە چالاکییە دارایی و بازرگانییەکانیان بدەن و بگەڕێنەوە ناو بازاڕی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی.