بەهۆی زیادکردنی باج، کۆمپانیاکانی زێڕ لە عێراق هاوردەکردن و حەواڵەیان ڕاگرت
نوێنەرانی کۆمپانیاکان و زێڕینگەرانی عێراق بڕیاریاندا پرۆسەی حەواڵەکردن و هاوردەکردنی زێڕ بە تەواوی ڕابگرن، ئەم هەنگاوەش وەک ناڕەزایەتییەکە بەرامبەر بەرزکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر زێڕ. کە لە 250 هەزارەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 12 ملیۆن دینار.
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ڕاگایەندراوەکەی نوێنەرانی بازاڕی زێڕ کە لەلایەن ڕوانگەی ئیکۆ عێراق بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتی پیشەیی و ئابووریمان، بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و بەردەوامیی کاری کۆمپانیاکان، سەرنجی هەموو لایەک بۆ ئەو دۆخە مەترسیدارە ڕادەکێشین کە بازاڕی زێڕ پێیدا تێدەپەڕێت."
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ڕێکارە نوێیەکانی حکوومەتی عێراق، کە خۆی دەبینێتەوە لە سەپاندنی ڕسوماتی گومرگی و باج بە ڕێژەی %6 بووەتە هۆی "شڵەژانی جووڵەی هاوردەکردن و پاشەکشەی گەورەی بازرگانی.
نوێنەرانی زێڕینگەران دەڵێن: "ئەم بڕیارە بازاڕی زێڕی تووشی ئیفلیجبوونێکی نیمچە تەواو کردووە و بووەتە هۆی دەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران، تەنانەت بەشێک لە کۆمپانیاکان ناچار بوون دەرگای کارەکانیان دابخەن یان دەست بە پاکتاوکردن بکەن، چونکە ڕێکارەکان ستەمکارانەن و لەگەڵ قەبارەی ئەم کەرتە ئابوورییەدا ناگونجێن."
ئاشکراشیان کرد، پێشتر بەر لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، گومرگی هەر کیلۆیەک زێڕ تەنیا 250 هەزار ینار بوو، ڕاشیگەیاند، ئێستا دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە لە 1-1-2026ەوە چووەتە بوباری جێبەجێکردن، تێچووی گومرگ و باج بۆ هەر کیلۆیەک زێڕ گەیشتووەتە زیاتر لە 12 ملیۆن و500 هەزار دینار.
نوێنەرانی بازاڕی زێڕ، جەخت دەکەنەوە، نرخی زێڕ نرخێکی جیهانییە و ناکرێت یاری پێ بکرێت یان ڕسوماتێکی لێ وەربگیرێت کە لەگەڵ بەهاکەیدا هاوسەنگ نەبێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەەکدا هاتووە، داوا لە سەرجەم خاوەن کۆمپانیاکان و زێڕینگەران کراوە کە "پەلە نەکەن و هەموو پرۆسەیەکی حەواڵە و هاوردەکردن ڕابگرن" تاوەکو حکوومەت بەدواداچوون بۆ بڕیارەکە دەکات و چارەسەرێکی دادپەروەرانە دەدۆزێتەوە کە مافی دەوڵەت بپارێزێت بەبێ ئەوەی زیان بەم کەرتە گرنگە بگەیەنێت.
هەروەها هۆشدارییان داوە کە هەر جووڵەیەکی تاکەکەسی لەم قۆناغەدا دەبێتە هۆی جێگیربوونی ئەم باجە زۆرە و زیان بە هەمووان دەگەیەنێت، بۆیە داوای یەکڕیزی دەکەن تا گەیشتن بە ئەنجامێکی دادپەروەرانە.