ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی زیادکردنی گومرگ
دەستەی گومرەکانی عێراق ڕوونکردنەوە لەبارەی زیادکردنی گومرگی سەر هەندێک کاڵا دەدات و جەخت دەکاتەوە؛ پێناسی گومرگی سەر هیچ کاڵایەکی پێویست زیادنەکراوە.
سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق ڕایگەیاند؛ ئەوەی ئەنجامدراوە تەنیا جێبەجێکردنی یاسایەکە کە ساڵی 2010 دەرچووە، بەپێی یاساکەش گومرگی هیچ کاڵایەکی پێویست و گرنگ زیاد ناکرێت، بەڵکوو هەندێک کاڵا گومرگەکەیان کەمکراوەتەوە.
قاسم جەخت دەکاتەوە؛ تەنیا گومرگی کاڵا جوانکارییەکان زیادکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر لێخۆشبوون بۆ گومرگی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی هایبرێت هەبووە، ئێستا لێخۆشبوونەکە نەماوە، واتە ئەویش دەبێت گومرگی 15 لەسەدی لێ وەربگیرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات؛ پێشتر وەرگرتنی گومرگ بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و دیاریکراو بووە، واتە ئەگەر بارێک هاوردەکرابێت (لە حاویەیەکدا) گومرگ بەسەر حاویەکەدا سەپێنراوە بەبێ گوێدانە ئەوەی ناو حاویەکە چی تێدایە، بەڵام ئێستا گومرگەکە بەشێوەیەکی ورد بەپێی ئەو کاڵایە دادەنرێت کە لەناو حاوییەکەدایە.