ڕاپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەربارەی ئاوارەکانی حەلەب
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نووسینگەی سووریا- عەفرین، ڕاپۆرتی ڕۆژانەی وەڵامدانەوەی قەیرانی دانیشتووانی حەلەبی بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە 72 سەعاتی ڕابردوودا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، 27 هەزار و 750 خێزان کە پێکهاتبوون لە 138 هەزار و 750 کەس ئاوارە بوونە. تا کاتژمێر 10ـی دوێنێ شەویش دوو هەزار خێزانی دیکە ئاوارە بوونە.
لە قەزای عەفرین، 110 هەزار کەس ئاوارەی گوندەکانی دەوروبەر بوونە و ئەمەش کێشەی جێگە و نەبوونی خۆراک و پۆشاکی دروست کردووە. چونکە کەش و هەوایەکی سارد باڵی بەسەر ناوچەکدا کێشاوە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، نووسینگەی سووریا-عەفرین، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، دەڵێت: ڕۆژانی 8 و 9ـی کانوونی دووەمی 2026 ، دوو هەزار و 400 ژەمە خۆراکی گەرمی بەسەر ئاوارەکاندا دابەش کردووە و هاوکاریی پزیشکی 73 کەسی داوە. پلانی دەزگاکە، بۆ ئەمڕۆ 10ـی کانوونی دووەم، دابەشکردنی سێ هەزار ژەمە خۆراکی گەرم و 400 بەتانییە بەسەر ئاوارەکاندا. جگە لەوانەش، نۆرینگەیەکی گەڕۆکی بە ستافێکی پێنج کەسییەوە ئامادە کردووە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی پزیشکی.