ئاسایشی حەلەب بانگەشەکانی دیمەشق بۆ ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەبوونی ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ لە گەڕەکی شێخ مەقسوود دەکەن.
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب جەخت دەکاتەوە کە میلیشیاکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا نەک هەر پابەندی هیچ ئاگربەستێک نەبوون، بەڵکو بە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەخۆشخانەیەکی مەدەنییان بۆردومان کردووە و هێرشێکی توندیشیان کردووەتە سەر گەڕەکەکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەو زانیارییانەی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی کاربەڕێکەری دیمەشق لەبارەی (ئاگربەست) بڵاوکراونەتەوە، تەنها هەوڵێکی چەواشەکارانەن بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، لە کاتێکدا دیمەشق باسی ڕاگرتنی شەڕ دەکات، میلیشیاکانیان بە تانک و درۆن نەخۆشخانەی مەدەنی (خالید فەجر)یان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود کردووەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دراوە.
لە ڕووی سەربازییەوە، هێزەکانی ئاسایش ڕایگەیاند: توانیویانە هێرشێکی زۆر فراوانی ئەو میلیشیایانە بۆ سەر کەرتی ڕۆژئاوای گەڕەکی شێخ مەقسوود تێکبشکێنن، لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا کە وەک شەڕی ناو کۆڵانەکان وەسف کراوە، هێزەکانی ئاسایش توانیویانە ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی زرێپۆشی هێرشبەران تێکبشکێنن و ناچاریان بکەن پاشەکشە بکەن.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حکوومەتی کاربەڕێکەری دیمەشق تۆمەتبار دەکەن بەوەی پەنا بۆ هەمان ئەو شێوازە درۆ و چەواشەکارییانە دەبات کە پێشتر لە ناوچە کەناراوەکان و سوەیدا بەکاریهێناوە بۆ داپۆشینی تاوانەکانی بەرامبەر بە مەدەنییەکان و ژێرخانی ناوچەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم هێرشانەیان خستە ئەستۆی حکوومەتی کاربەڕێکەری دیمەشق و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، بێدەنگی بشکێنن و هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی.