ئاسایشی حەلەب: ئەو کەسانەی بە پاس لە شێخ مەقسوود دەگوازرێنەوە، سەرباز نین
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕەتی دەکاتەوە هێزەکانیان لە شێخ مەقسوود کشابێتنەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەی لە وێنەکاندا دەردەکەون هاووڵاتی مەدەنین کە بە زۆر کۆچپێکراون.
شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی میدیاکانی حکوومەتی دیمەشق و لایەنە پاشکۆکانی دایەوە. لە ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە کە میدیاکانی دیمەشق لە هەوڵێکی بێئومێدانەدا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی، وێنەی پاسەکان بڵاودەکەنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە چەکدارانی کورد گەڕەکەکە جێدەهێڵن.
ئاسایشی حەلەب بە توندی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: ئەو وێنانە هی هاووڵاتییانی مەدەنین کە دوای پێنج ڕۆژ لە تۆپبارانی دڕندانە، بە زۆر و لەژێر فشاردا ماڵ و حاڵی خۆیان جێدەهێڵن و ئاوارە دەکرێن.
هەروەها ئاشکراشی کردووە، جگە لە ئاوارەکردنی خەڵکەکە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق ژمارەیەک گەنجی مەدەنییان ڕفاندووە و بۆ شوێنی نادیار گواستوویاننەتەوە.