دەیلی سیگناڵ: ترەمپ کۆتایی بە نەخۆشی سیندرۆمی عێراق هێنا
ماڵەڕێکی ئەمەریکی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بە نەخۆشی سیندرۆمی عێراق هێنا و بەوەش جارێکی دیکە شکۆ و هێزی ڕێگریی ئەمەریکای لەسەر ئاستی جیهان گەڕاندەوە.
ماڵپەڕی ئەمەریکی "زە دەیلی سیگناڵ" لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژە بەوە دەکات، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە سارد و سڕەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە بە "نەخۆشی سیندرۆمی عێراق" دەناسرێت. ئەم چەمکە گوزارشت بوو لە جۆرە ئیفلیجییەکی سیاسی کە واشنتنی گرتەوە، بە جۆرێک هەموو دەستێوەردانێکی سەربازی لە دەرەوەی وڵات وەک سەرکێشییەکی مەترسیدار و زۆنگاوێکی بێ کۆتایی دەبینرا، بەڵام جووڵەکانی ترەمپ لە ڤەنزوێلا و ناوچەکانی دیکەی جیهان نیشانەی گۆڕانکارییەکی چارەنووسسازن لەو عەقڵییەتەدا کە بۆ ماوەی دوو دەیە بڕیاری سیاسی ئەمەریکای شێواندبوو.
بەگویرەی ڕاپۆرتەکە، "سیندرۆمی عێراق" پاشکۆی شکستی شەڕی عێراق و تێچووە زۆرەکانی ئەو داگیرکارییە بوو، کە وای کرد ئەمەریکییەکان لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی هێز بترسن. ئەمە یەکەمجار نەبوو مێژووی سیاسی ئەمەریکا تووشی حاڵەتێکی لەو شێوەیە ببێت، چونکە پێشتریش دوای شەڕی ڤێتنام جیهانبینییەک بەناوی "نەخۆشی ڤێتنام" سەریهەڵدا، وای دەکرد ئەمەریکا لە ڕۆڵی جیهانی خۆی پاشەکشە بکات و واز لە سیاسەتی جەختکەرەوە بهێنێت.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە؛ ئەم جۆرە پاشەکشانە لە ڕابردوودا باجی قورسیان هەبووە، چونکە کاتێک ئەمەریکا سەرکردایەتییەکی بەهێزی نەبووە، جیهان ڕووبەڕووی جینۆساید و داگیرکاری و سەرهەڵدانی ڕژێمە توندڕەوەکان بووەتەوە.
لە درێژەی بابەتەکەدا باس لەوە کراوە، چۆن ڕۆناڵد ڕیگان لە هەشتاکاندا توانی بەسەر "نەخۆشی ڤێتنامدا" زاڵ بێت، بەڵام دواتر قەیرانەکانی ئەفغانستان و عێراق جارێکی دیکە ئەو ئیفلیجییە کۆنەیان لە ژێر ناوێکی نوێدا زیندوو کردەوە. ئەمەش لە سەردەمی باراک ئۆباما و جۆو بایدن ڕەنگی دایەوە و بووە هۆی ئەوەی کشانەوەی ئەمەریکا ببێتە سیاسەتێکی جێگیر، دەرەنجامەکەی سەرهەڵدانی داعش و بوێری ڕووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا و هاندانی تەماعە جیهانییەکانی چین بوو.
ڕاپۆرتەکە بەو ئەنجامە دەگات "دۆکتۆرینی ترەمپ" کۆتایی بەم سەردەمە هێناوە، ئەویش لە ڕێگەی داڕشتنی بنەمایەکی نوێ کە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەخاتە پێش هەموو شتێک و هەموو ئامرازە دیپلۆماسی و سەربازییەکان وەک بژاردەی کراوە دەهێڵێتەوە. هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و لابردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا وەک نموونەی ئەو سیاسەتە دەبینرێن کە توانیویەتی بەبێ کەوتنە ناو شەڕی بێکۆتا، شکۆ و هێزی ڕێگریی ئەمەریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بگێڕێتەوە و پەیامێکی ڕوون بۆ نەیارانی واشنتن بنێرێت کە کردارەکانیان دەرئەنجامی توندی دەبێت.