پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی داهاتە نانەوتییەکان کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەی یەکشەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دانیشتنی ژمارە 4ی خۆی ئەنجام بدات. تەوەرە سەرەکییەکەی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە، بەدواداچوون بۆ داهاتە نانەوتییەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت لەو بارەیەوە.
بەگوێرەی کارنامەی فەرمیی ئەنجومەنی نوێنەران، دانیشتنەکە کاتژمێر 11ی بەیانی دەستپێدەکات، بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخانکراوە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆ گشتییەکان دەربارەی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش، هەر سێ بەرپرسی باڵای حکوومەت کە بریتین لە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی باجەکان، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی گومرگ ئامادەی دانیشتنەکە دەبن.

ئامانج لە میوانداریکردنی ئەم بەرپرسانە، خستنەڕووی داتا و زانیارییەکانە دەربارەی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ زیادکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت لە دەرەوەی کەرتی نەوت.