سیزای تیمللی: ئەوەی لە حەلەب ڕوودەدات هێرشە بە "عەقڵیەتی داعش" نەک پێکدادانی سەربازی
سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیا ئاشکرایان کرد؛ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت)، بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ لەگەڵ هەریەکە لە واشنتن و دیمەشق دەستپێکردووە. ئامانجی ئەم جووڵانە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئاشتیانە بۆ قەیرانی حەلەب و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری پێکدادانەکانە.
ڕۆژنامەی "زەمەن"ی تورکی بڵاویکردەوە، ئەولەویەتی ئێستای تورکیا پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێکهاتەی حکوومەتی ناوەندییە. لەو چوارچێوەیەشدا، کارمەندانی هەواڵگری تورکیا لەسەر زەوی کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی شەڕ لەسەر ناوچە سنوورییەکان و چاودێریکردنی جووڵەی ئاوارەکان بۆ ڕێگریکردن لە شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران بەرەو تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە و لەناوخۆی تورکیادا، سیزای تیمللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کرد ڕۆڵێکی ئەرێنی لە قەیرانی سووریادا بگێڕێت. تیمللی جەختی کردەوە؛ پێویستە تورکیا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ "هەسەدە" بکات و وەک لایەنێکی شەرعی مامەڵەی لەگەڵ بکات ئەگەر بەڕاستی ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاشتییە.
تیمللی ڕەخنەی توندی لە گێڕانەوەی فەرمی دەسەڵاتدارانی تورکیا گرت و ڕایگەیاند: "ئەوەی لە حەلەب ڕوودەدات پێکدادانی سەربازی نییە، بەڵکو هێرشێکی مەترسیدارە بە عەقڵیەتی داعش کە خەڵکی مەدەنی لە گەڕەکە کوردییەکان کردووەتە ئامانج." ناوبراو هۆشداری دا، نەبوونی پاراستن و ئاسایش لەو ناوچانە، ژیانی هەزاران هاووڵاتی خستووەتە مەترسییەوە.
داواشی لە حکوومەتی تورکیا کرد؛ هەڵوێستێک نەگرێتەبەر کە دەرفەتی دیالۆگ تێکدەدات، بەڵکو هەوڵبدات لەڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەشێوەیەک کە گەرەنتی یەکێتی سیاسی سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا بکات بۆ ئاسانکاری.
ئەم جووڵە دیپلۆماسی و سیاسییانە لە کاتێکدایە مەیدانی جەنگ لە باکووری سووریا گۆڕانکاری خێرا بەخۆیەوە دەبینێت و تورکیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان، ڕێگری لە گۆڕینی هاوسەنگییەکان بکات بە زیانی بەرژەوەندییەکانی.